ماس ماڵ، ماست ماڵ، گوڵە زەردە، گوڵە مێرگە، گیایەکی خۆڕستە لە بنەماڵەی RANUNCULACEAE کە نزیکەی ٦٠٠ جۆری لە دونیادا هەیە. تەنیا لە ئێراندا نزیکەی ٦٠ جۆری هەیە بێجگە لەوانەی کە لە نێوجاڕ، باخچە و نێو حەوش و حەسار و گوڵداندا دەیڕوێنن، هێندیک جۆریشی بە شێوەی خۆرست لە نێو مێرگەکانی کوردستاندا دەڕوێ و لە ناوەکەیدا دیارە کە گیای نێو مێرگە. هەروەها لە کوێستان و نێو باخ و لێواری چۆم و نێو کانیاو و دەشت و مەزراکان و لێوار و قەراخ جادە و رێگاوبانەکاندا دەڕوێ. باكات دەگاتە ٤٥ سانیتمیتر. لاسبی ساکار و گەڵای زۆرە. گەڵا خوارووەکانی سێ سوچیان هەیە و گەڵاکانی سەرەوەتر زیاتر وەک لاسکن و گوڵن. گوڵەکانی ٣ تا ٥ سانیمیتر گەورە و رەنگیان سوور، پەمەیی، زەرد و سپین و چەندین گوڵ لەسەر یەک لاسک دەڕوێن. گیا مێرگ لە هاویندا گوڵ دەکا.
بۆ چاندن و پەروەردە کردن ئەگەر لە رێگای سەلکەکەیەوە بێ، ئەوا دەبێ لە مانگی رەشەمە یان خاکەلێوەدا بێ و ئەگەر بە شێوەی تۆو وەشاندن بێ، دەبێ مانگی ٤ یان ٥ تۆوەکەی بوەشێندرێ و ئاوییاری و چاوەدێری بکرێ بۆ ئەویە ساڵی داهاتوو گوڵ بدا.
بۆ دەرمان دەشێ. بەتایبەتی بۆ دەرمان و چارەسەر کردنی نەخۆشی رۆماتیسم. بە پێی بۆچوونی ئبن سینا و رازی ئەم رووەکە بۆ دەرمانی رۆماتیسم بێ وێنەیە. ناوی "ماس ماڵ"یشی لەوەوە وەرگرتووە کە ئەوانەی رۆماتیسمیان هەیە ئەو ئارد یان کوتراوی ئەم گیایە لەگەڵ ماس (ماست) تێکەڵ دەکەن و دەیماڵن بەسەر ئەو شوێنانەی لەشیاندا کە بە شێوەی سروشتی زیاتر پووزی پێیە و شەو تا بەیاانی دەیبەستن و بەیانی ئەو گرێ ئاوەکیانەیە کە لە شوێنی بەستنەکە پێکهاتوون دەبێ بە دەرزی بقەقێندرێن تاکوو نەخۆشی رۆماتیسمەکە ساڕێژ بێ. ئەم گیایە بۆ زۆر نەخۆشیتر دەرمانی باشە.
ناوە لاتینیەکەی ئەم رووەکە " arvensis" لە وشەی "arvum" واتە جاڕ وەرگیراوە. بە کورتی واتە "لە نێو جاڕدا شین بوو".
بە فارسی پێی دەلێن گل آلاله.
بە سوێدی پێی دەڵێن Åkerranunkel.
بە ئاڵمانی ناوی Acker-Hahnenfuß یە.
سەیری ماس ماڵ بکە.