BackWalnut
گوێز

Latin: - Juglans regia
English: - Walnut
گوێز 

وەزی، گردەکان، گوێز بەرهەمی دار گوێزە کە دارێکی زۆر گەورە و قەڵەوە لە تیرەی Juglandaceae. بەرێکی تەقریبەن خڕ و گرد دەگرێ کە لە سەرەتادا سەوز و پاشان کە تۆکڵە سەوزەکەی خست لە بنیەوە پێستێکی ئێسکیی رەقتر هەیە کە لە نێو ئەوەوە مێشکە سەرکیەکەی تێدایە. گوێز لە زۆر کۆمەڵگادا لە رابردوودا بە دارێکی پیرۆز ناسراوە و زۆریش جێگای رێزبووە. لە هێندێک شوێندا تەنیا تایبەت بووە بە باخچەی پاشا و دەسەڵاتداران و لە کتێبە کۆنەکانی یۆنانیدا گوێز بە میوەی باغی پاشایەک بە ناوی سولومون زانراوە، هەروەها لە کتێبی ئینجیل دا لەم دارە پیرۆز باس کراوە. لە کۆمەڵگا کۆنەکان و لادێکاندا زۆرجار کچەکانیان لەسەر دارگوێز مارە بڕیوە و لە مارەنامەکانی ئەو کچانەدا تۆمار کراوە. بێجگە لەمەش لە هێندێک شوێندا پەڕۆ و پالەیان وەک تەبەڕک پێوە گرێداوە و بۆ وەدیهێنانی بروباوەڕی خۆیان نیازی دڵی خۆیان پێوە گرێ داوە. دار گوێزە کۆنەکان وەک ئێستا چووکە نەبوون و زۆر زۆر گەورە بوون و لە کۆندا نەدەکرا چەندین دار پێکەوە کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێ هەر بۆیە کە دەفرۆشران بە تاکە دار دەهاتنە کڕین و فرۆشتن و ماڵی وا هەبوو رەنگە تەنیا دارێکی هەبوایە و ئەمەش کیفایەتی بەرهەمی ئەو ساڵەی بکردایەن.
دوو جۆری سەرکی گوێز باش هەیە، یەکەمیان بە گوێزی ئینگلیزی (The English Walnut) ناسراوە کە سەرەتا لە ئێرانەوە هاتووە. ئەویتریان بە گویزی رەش (The Black Valnöt) بەناوبانگە و ئامریکایی و تامی زۆر خۆشترە بەڵام لەبەر تۆگڵە رەقەکەی و سەخت دەرهێنانی نێوەکەی بۆ توجارەت بەرهەم ناهێندرێ.
کارده‌وه‌ژه‌، کاکڵی گوێزی فه‌ریکه‌یه‌.
خەزەڵ یان وەچ، گه‌ڵای گوێز ئه‌وکاته‌ی کە تازه‌ دەرهاتووە.
تەمەنی گوێز دەگاتە ٢٠٠ تا ٣٠٠ ساڵ. گوێزی بە هۆی توجاری ئێرانیەوە برا بۆ یونان و لەوێشەوە بۆ ئیتالیا و ئینگلیز. رۆمەکان چاندنی گوێزیان لە سەرانسەری ئوروپادا بڵاو کردەوە و پەنابەرانی ئینگلیزیش گەیانیانە ئامریکا و لەبەر ئەوەی لەوێش پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا دواتر بوو بە گەورەترین وڵاتی ناردەی گوێز لە جیهاندا. پێشوو ئامریکا بەرهەم هێنانی ٢٥٤ تۆن گوێز لە ساڵدا، پلەی یەکەمی لە جیهاندا بردبوو بۆ خۆی، بەڵام ساڵی ٢٠١٠ وڵاتی چین بە بەرهەم هێنانی ١،٠٦ تۆن گوێز بوو بە یەکەم لە جیهاندا. ئێستا دوای چین دووهەم بەرهەم هێندەری گوێز لە جیهاندا ئامریکایە و دوای ئەویش بە رێز ولاتانی ئێران (٤٠٠ جۆر گوێز لە ئێراندا هەیە)، تورکیە، ئوکراین، میکزیک، رۆمانیا، هیند، فەرانسە و شیلە دێن. . چیرۆکێکی زۆر کۆن یۆنانی باسی ئەوە دەکا کە گوایە لە سەردەمی زێڕیندا مرۆڤ لەسەر داری بەڕوو و خوداش لەسەر داری گوێز ژیاوە، هەر بۆیە بە گوێز دەڵێن ژوگلانس و یان میوەی ژوپیتر (میوەی خوداکان)
ئەم زانیاریانەش لە لایەن کاک هوشیار ئەحمەدیەوە لە کۆتایی مانگی ٨ی ساڵێ ٢٠١٩دا لە سەر فەیسبووکەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە جێگای سەرنج و دەستخشی لێ کردنە:
ئاشنا بوون بە گوێز و ناو و پێوەرەکانی...
چڵمەلەتە: گوێزی تازە ناوک کردووی خۆنەگرتوو
کەمکۆڵ: گوێز بەپێستە سەوزەکەوە
پاقلیر: گوێزی پاک کراو لە کەمکۆڵ
دەمەترەک: گوێزی پێگەییشتوو و دەم کەمکۆڵ کراوە
گوێزعازا: گوێزی خۆش شکێن کە ناوکەکەی ئاسان دەردێ
گوێزکوێر: پێچەوانەی عازا، ناخۆش ئەشکێ و ھەندێکیان ناوکەکەیان تەنیا بە سوژن دەردێ.
گوێزی گەڵوازە: گوێزی گەورەی ناسک و عازا و پڕ مەژگە.
گوێزی خەیاری: گوێزی درێژکار.
مەژگە: ناوکە گوێز کە یەکسانە بە مەغزە
کاکڵە: ناوکی گوێز کە بە تەواوی، بە خڕی و بێ وردبوون دەرھێنرابێ.
کاردەوژە: دوو لەتکردنی گوێزی کەمکۆڵ بە کارد و چەقۆ و دەرھێنانی ناوکەکەی بە شێوەی بازنەیی.
کاردەوژەی ھاتگە: یانێ مەژگەکەی بۆ ئەوە ئەشێ کاردەوژەی بکەی.
ڕم: دارێ باریک و درێژ کە گوێزی پێ ئەتەکێنن.
ڕمەوان(شەنیار): ئەو کەسەی کە بە ڕم گوێز ئەتەکێنێ. شەنیاریش ھەورامییە و بە کەسەکە ئێژ و شەنیش بە ڕمەکە ئێژن.
شارۆ: گەڕانی ئازاد بە کون و قوژبن و بن پەک و گەڵاکانا بۆ گوێز دۆزینەوە بۆ خۆت لە داوای ماشینەوەی گشتیی گوێزەکان کە زیاتر لە لایەن مناڵانەوە ئەکرێ.
تاق: یەکەی ژماردنی گوێز بە دانە
لا: پێنج دانە گوێز کە لە ناو لپێکی دەست دائەنرێن بۆ ژماردن.
دەسە(دەستە): دوو لا کە ئەکاتە دە دانە گوێز لە ناو دوو لپی دەست.
ھەزار: گەورەترین پێوانە بۆ گوێز ژماردن کە ئەکاتە سەد دەستە.
من ھەر ئەمانەم بە زەێن گەییشت. ئەگەر شتێکی دیکەتان پێ شک ھات، تکایە لێی زیاد بکەن. ئەمە بەشێکی گرینگی زمانی کوردییە لە بواری کشتوکاڵا و پێویستی بە پاراستن و مانەوە ھەس..

© Kurdflora 2000 - 2019 in cooperation with Auriolus, contact
-