فلووس، دارێکه به شێوه‌ی خۆڕست له وڵاتانی ئافریقای و گه‌رمه‌سێریی وه‌ک عه‌ره‌بستان، میسر، هیندوستان، جه‌زایر ئانتیل دڕوێ. باڵای ده‌گاته ١٥ میتر و گه‌ڵاکانی ڕه‌نگیان سه‌وزێکی کاڵ و زلن، درێژییه‌که‌یان ده‌گاته ٣٠ سم و هه‌ر گه‌ڵایه‌ک ٨ تا ١٦ گه‌ڵای چووکه‌تری لێ جیا ده‌بێته‌وه. گوڵه‌کانی هێشوویی و زه‌ردن، به‌رێک وه‌ک خه‌یارچه‌مه‌ره (بۆی بە کوردی خەیار چەنەریشی پێ دەڵێن) ده‌گرێ که ئه‌ستووریه‌که‌ی ٢ تا ٣ سم و درێژیه‌که‌ییان ده‌گاته ٦٠ سم، له دیویی نێوه‌وه‌ش چه‌ندین ژووری هه‌یه که له هه‌ریه‌که‌یان دا ٢٥ تا ١٠٠ ده‌نکه (تۆ‌و، تۆم)ی تێدایه. ئه‌م ده‌نکانه ده‌بنه هۆی زگچوون، هه‌ر بۆیه له پێشدا ده‌یکوڵێنن و دوایی ده‌یده‌ن به منداڵ و که‌سانی به‌ساڵداچوو.ئه‌م داره له به‌لووجستانی ئێرانشدا ده‌ڕوێ و له‌وێ پێی ئه‌ڵێن "چونتور" یان "چیمکانی" و "چمکانی".
به فه‌رانسه‌یی Casse, Canéfice پێ ئه‌ڵێن.به داره‌که‌ش ئه‌ڵێن Cassier, Canéficier, Cassie fistuleuse, Cassiec.