قنگر، قنگه‌ر، قنگر، ڕووه‌کێکی دڕکاوییه له تیره‌ی "تێکه‌ڵاوه‌کان" Composées. که گه‌ڵاکانی شڕه و لاسکه‌که‌ی ده‌خورێ و به ته‌رچکی چێشت و خۆرشتی جۆراوجۆری لێ دروست ده‌که‌ن، به‌ڵام که له ڕۆندا سوور کرایه‌وه پێی ده‌ڵێن "بۆرقانی" یان "بۆریانی" (قنگرماسی). که پیر بوو ئاژه‌ڵ نایخوا، ته‌نیا گوێدرێژ حه‌زی لێیه و دەیخوا کە پریتریش بوو ئه‌وکاته‌ش پێی ئێژن "قنگڵاشک" و بە کەڵکی هیچ نایە و تەنیا بۆ "هەڵاشی"ی بان بەکار دێ، که بوو به قنگڵاشکیش تۆوێک ده‌کات که وه‌ک تۆوی کوله‌که و شووتی ده‌یبرژێنن و دەیتووکێنن که پێی ده‌ڵێن "داندانۆکه". به ته‌رچکیش جووز (کرووزه)یه و پێش پیر بوونیش ده‌یدوورن بۆ زستانی ئاژه‌ڵ. دڕکی قانگڵاشک جار جار شیره‌یه‌کی ڕه‌شی تووند ده‌رده‌کا، که بۆ ده‌رمان ده‌کاری دێنن و پێی ده‌ڵێن (شیره‌ی قانگه‌ڵاشک) له کورده‌واریدا پەندێکی پێشنان هەیە ده‌ڵێ: له قنگڵاشکیان پرسی له کوێوه هاتووه‌ی؟ وتی: له ڕه‌شه‌با بپرسن.
به‌ڕێز محه‌ممه‌د عه‌لی سوڵتانی له مێژووی کرماشان‌دا ده‌ڵێ: قنڵاشک Cardoon ڕووه‌کێکه باڵای زیاتر له ١ میتره و غونچه‌که‌ی پانه و وه‌ک به‌نه‌وشه‌یه و له نێوییدا شتێکی وه‌ک په‌موو هه‌یه. ئه‌م گیایه له به‌هاردا ده‌ڕوێ. دوای ماوه‌یه‌ک که پیر بوو، دڕکه‌که‌ی له گه‌ڵاکانیدا په‌یدا ده‌بن. له کورده‌واریدا گه‌ڵاکه‌ی وشک ده‌که‌ن و دیکوتن و بۆ سارێژ کردنی برینی کۆن و په‌رتۆکه به‌ستوو و برینی خه‌ته‌نه که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. دیاره ئه‌م دڕکه‌ی که به‌ڕێز محه‌ممه‌د عه‌لی باسی ده‌کا هیچ پێوه‌ندی به قنگر و قانگڵاشکی قنگره‌وه نییه، دەبێ ڕووه‌کێکیتر بێ، ڕه‌نگه له بنه‌ماڵه‌ی قنگر بێ، به‌ڵام قنگر نییه. من وێنه‌یه‌کی ئه‌م دڕکه‌شم له ئیترنێت وه‌رگرتووه که له به‌شی خۆیدا دیخه‌مه به‌ر چاویی ئێوه‌ی به‌ڕێز.
به فه‌رانسه‌یی پێی ده‌ڵێن Gundélie پێده‌ڵێن. سه‌یری که‌نگر بکه.
یەکێک لە وێنه له بناری چیای شاهۆ گیراوه.