BackRhubarb, Currant fruit rhubarb
ڕێواس

Latin: - Rheum rhibes - Rhabarbarum - R. cultorum Thorsrud & Reisaeter - R. hybridum Murray - R. rhaponticum auct - R. undulatum L.
English: - Rhubarb, Currant fruit rhubarb
ڕێواس 

مام ڕێواس، تۆله‌ترش، رێواس، ڕیواویی، ریڤاس، ڕێوج، ریس، گیایەکی سروشتی و خۆڕسکی چه‌ند ساڵه‌ی باڵا به‌رزی کوێستانەکانی کوردستانە. لە سەرەتای بەهار و تاکوو هاوین لە کوێستانە ساردەکان و بناری چیاکاندا لەو شوێنانەی بەفری لێ یە، دەمێنێتەوە. به‌رزیی تاکوو یه‌ک میتر هه‌ڵده‌چێ، گه‌ڵای پان و گه‌وره‌ و په‌نجه‌ په‌نجه‌ و ددانه‌داره‌. له‌ نێوه‌ڕاستی گه‌ڵاکانیدا نێرتکێ قیت ده‌بێته‌وه‌ که‌ جاری واهه‌یه‌ تاکو ٣ میتر به‌رز ده‌بێ و له‌ سه‌رکه‌یه‌وه‌ گوڵێکی سه‌وزی مه‌یله‌و زه‌رد و مه‌یله‌و سوور ئه‌گرێ. تامی ترشه‌ و له‌ تیره‌ی "حه‌وت گرێکان" Polygonacées و له‌ جنسی "ڕێواسه‌کان" Rheumنه‌. له‌ وڵاتی خۆمان هێندێک که‌س ڕێواس به‌ پێنج به‌ش ده‌زانن که‌ ئه‌مانه‌ن:
١ـ باسکڵاو.
٢ـ نێرتکه‌ ڕێواس.
٣ـ ڕێواس بن ئه‌رد.
٤ـ له‌ق له‌ق.
٥ـ مام ڕێواس.
جۆرێکیتریشی هه‌یه‌ که‌ جافی قاڵاوقنگه‌ی پێده‌ڵێن، ڕه‌نگه‌ هه‌ر یه‌کێک له‌مانه‌ی سه‌ره‌ بێ، یان ئه‌ویش جۆرێکیتر بێ.
رێواس پڕە لە ڤیتامینەکان و فیبری زۆی تێدایە، بە تایبەتی ڤیتامینەکانی A,B,C و کلسیۆمی زۆری تێدایە هەربۆیە لە مێژە لە کوردەواری خۆماندا بۆ دەرمانی زۆر دەرد و نەخۆشیە، بەڵام بە پێچەوانە گەڵاکانی باش نین و هێندێکیشیان ژەهراوین. رێواس به‌تایبه‌تی بۆ دژی کرمی نێو ڕیخۆڵه‌. رێواس شەکر و چەوری خوێن دادەبەزێنێ و خوێن خاوێن دەکاتەوە، زیپکە و جۆشی لەش لادەبا، بۆ گەدە و ریخۆڵە دەرمانی باشە، ئەشتەها هێنەرە. خواردنی رێواس وەک کورد دەڵین خەفەت بەر و شادی هێنەرە. لە هێندیک وڵات و لەوانە بریتانیا رێواس لە خواردنی دابەزاندنی کێشی لەش و لاوازبووندا بەکار دێنن.
لە هێندیک سەرچاوەدا نووسراوە کە بەرگری لە سکچوون دەکا، بەڵام من بۆ خۆم لەوباوەڕەدا نیم و بە پێچەوانەش هێندیک جار زۆر خواردنی مرۆڤ تووشی سکچوونێکی زۆر پیس دەکا!
لە نووسین و لێکۆڵینەوەیەکی بەڕێز ئارێز ئەندەریاری‌دا لەسەر رێواس لە ئایینی زەردوشتدا ئاوا هاتووە: بە پێی باوەڕییەکانی زەردەشتی؛ لە دەستپێکی ئافەرینشدا بە خواستی ئاهوورامەزدا؛ لە ڕۆژی میهر لە مانگی میهر دوو چووزە " ڕێواس"ی لێک ئاڵاو لە خاک سەریان دەرهێنا و شێوەی ئەو ڕێواسانە هێدی هێدی گۆڕدرا بە ڕۆخساری دوو مرۆڤ کە لە باڵا و ڕۆخساردا هاوشێوەی یەکتر بوون؛ یەکیان نێر بە ناوی " مەشیە" و ئەویتریان مێ بە ناوی" مەشیانە".
ڕێواس پێش ٥٠٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ وڵاتی چین و تایواندا وه‌ک ده‌رمان که‌ڵکیان لێوه‌رگرتووه‌ و له‌ سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستدا گه‌یشته‌ ئوروپا، دوای ماوه‌یه‌ک ون بووه‌وه‌ و جاری دووهه‌م له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٨٠٠دا گه‌یشته‌وه‌ ئوروپا.
تێبینی: رێواس ئەگەر جێگا و رێگای گونجاو بێ تاکوو نزیک ٢ میتر باڵا دەکا. هەر وەک لە یەکێک لە وێنەکاندا دەبینن کە مامۆستا تامینە جەوانمەرد گرتوویەتی، باڵای رێواسی باخچەی ئەوان ١ میتر و ٧٥ سم بالای کردووە و لقەکانیشی ٤٠ تا ٥٠ سم درێژن.
ڕێواس سپی و ساف، وێنەی شووشەی زیو
شەماڵ لێی ئەدا، ئەم دیو بۆ ئەو دیو
قانع
بە ئاڵمانی پێی دەڵێن Gemeiner Rhabarber.
به‌ فه‌رانسه‌یی Rhubarbe groseille و Ribesی پێده‌ڵێن.
بە سویدی Rabarberی پێ دەڵێن.

© Kurdflora 2000 - 2023 in cooperation with Auriolus, contact
-