چنگە گورگ، پێ گورگە و چنگە گرگە، گیایەکی چەند ساڵەی بە بنچی نێو دارستانە. بێ گوڵە و بە دوو جۆری بە باڵا و خەوتوو لەسەر ئەرز هەیە و باڵای نیومیتر بەرز دەبێ. گەڵاکانی ورد و سەوزن. لە سەرچڵی لاسکەکانیوە ٢ تا ٣ گوڵی وەک گوڵە گەنمی هەیە کە کێلانن و لە نێویاندا لە جێگای تۆو گەردێکی ورد هەیە کە هەڵاڵەیە و هەر ئەمەشە دەبێ بە هۆی زیاد کردنی ئەم گوڵە و ئەم بەشەی گیاکە بۆ دەرمان دەشێ، بەڵام پێش پێگەیشتنی گوڵەکەک دەبێ لە گیایەکە بکرێنەوە و لە نێو پارچە قوماشێکدا بجوڵێندرێنەوە بۆ ئەوەی هەڵاڵەکانیان لێ بڕژێتە دەرێ کە وەک گەردێکی رەنگ زەرد و رووناک دەچن و بۆیەکی لاوازیان هەیە. ئەم گەردە ئەگەر لە نێو ئاوی سارد بکرێن لەسەر ئاوەکەوە دەمێننەوە بەڵام لە نێو ئاوی گەرمدا دەنیشنە بن ئاوەکە، لە نێو ئاگریشدا خێرا گڕ دەگرن و گڕێکی شینیان لێ دروست دەبێ. لە دەرمانی کۆندا چنگە گورگە بۆ زیاد کردنی رادەی میز، نەخۆشیەکان ناڕەحەتییەکانی مێزیان پێ دەرمان کردووە، هەروەها بۆ دەرمانی هەڵمسانی مەسانە، میزان کردنی سووڕی مانگانە، بەهێز کردنی گەدە، نەخۆشیەکانی گورچیلە و بەردی نێو گورچیلە، رۆماتیزم و ئێش و ژانی جمگەکان، سووتانەوەی بۆڕیەکانی میز، دەرمانی سیپەلاک و کۆئەندامی هەناسەکێشان و دەرمانی باواسیری بەکار دێت.