BackPurslane, Common Purslane
په‌ڵپێنه‌

Latin: - Portulaca oleracea
English: - Purslane, Common Purslane
په‌ڵپێنه‌ 

پەرپین، پەرپێنە، دنان تیژکەرەک، پەرپەین، ددان تیژ که‌ره‌، ددان چیڕکه‌ره‌، پەڵپین، پەڵپوونە، پەلین، پڕپڕە، پڕپیلک، پارپار، پڵپین، گیایه‌کی خۆڕست و لاسکێکی سووری ئەرخەوانی هەیه‌ و له‌ سه‌ر زه‌وی ڕاده‌کشێ و درێژی ته‌رزه‌که‌ی ١٠ تا ٤٠ سم ده‌کشێ و سه‌ر به‌ تیره‌ی "په‌ڵپێنه‌کان" Portula oleracea ه‌، گوڵه‌کانی چه‌رموو و زه‌ردن و بەیانیان دەم دەکەنەوە تاکوو نزیک نیوەڕۆ و تۆمه‌که‌شی ورد و ڕه‌شه‌، له‌ هێندێک شوێندا به‌ کاڵی ئه‌یخۆن، ڤیتامینی B و Cی تێدایه‌ و راده‌ی میز کردن ئه‌باته‌ سه‌رێ، بۆ نه‌خۆشی بواسیری و نه‌خۆشی وڵک و زۆر نه‌خۆشی دیکه‌ به‌که‌ڵکه‌ و ده‌کرێت به‌ چێشتیش. ئه‌گه‌ر مرۆڤ زۆری بخوا ددان هاڵ ده‌بێته‌وه‌. لەسەر ئەوەی کە هەوەڵجا ئەم گیایە هی کوێیە تۆزێک جیاوازی بۆچوون هەیە، بەڵام لە کوردستان، ئێران، ئوسترالیا، هیند و ئافیقای باکوور و لە ئامریکاشدا دەڕوێ.
رۆژی ٣ی مانگی ٦ی ٢٠١٥ لە رادیۆ شهروند هەواڵێکم لەسەر ئەم گیایە گوێ لێ بوو کە بەم جۆرە بوو:
ئایا دەزانن ئەو گیایە کە خۆمان بە ناوی دان چیڕکەرە یان "دنان تیژکەرک" دەیناسین لە لایەن رێکخراوی لەشسا‌غی جیهانیەوە ناوی نراوە "اکسیر جیهانی"؟
بە پێی قسەکانی "عەلی قرزیژاد" کارناسی گیا دەرمانییەکان "خرفە" کە ناوە کوردیەکەی "دنان تیژکرک"ە، واتە ددان تیژکەرە رووەکێکە کە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای ئیلامدا دەڕوێ و ئەوسا بە شێوەی کۆنەی لای خوەمان کەڵکیان لێ وەردەگرت. بۆیە بە کوردی ئەو ناوەیان لێ ناوە پێیان وابووە کە ئەم گیایە ددان تیژ دەکاتەوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ناوە فارسیەکەی ئەم رووەکە "خرفە" و ناوە زانستیەکەی Portulaca Oleracea و لە تیرەی پرتولاکاسە (Portulacaceae)یە کە گەڵاکانی گۆشتن و تۆوەکەی رەشە و رووەکێکی یەکساڵانە کە لاسکەکانی رەنگیان سوورە و لە سەر ئەرز درێژ دەبن و گوڵی چووکە و رەنگ زەرد دەگرێ.
بەرپرسی ناوەندی خزمەتە پێشکەوتووەکانی جیهادی زانکۆی واحیدی پارێزگای ئیلام ئەوەشی وت کە جۆرێ خۆڕستی ئەم گیایە لاسکی زۆری هەیە کە لەسەر ئەز بڵاو دەبنەوە، بەڵام جۆری پەروەردە کراوەکەی لاسکەکانی قەڵەو، گۆشتن و تۆزێک قایمتر و بەرزیان لە ١٠ تا ١٥ سانیتمیترە. وتیشی کە "دنان تیژکەرەک" یان "پەرپیلک" کە گیایەکی بە شێوەی سەوزە بەکاری دێنن و لاینگری بەکارهێنەریشی زۆرە کە بە شێوەی خۆڕسک لە نێو باخچەی ماڵەکان و لێوای جۆگەلە و شوێنی تەڕەکاندا دەڕوێ.
فرزنژاد هەروەها وتی: لێکۆڵێنەوەی گرینگ لەسەر ئەم گیایە کراوە و لە لایەن رێکخراوی لەشساغی جیهانەوە ناوی "اکسیر جهانی" (Global panacea)ی پێدراوە و لە لایەن رێکخراوەی ناوبراوەوە بە یەکێک لە رووەکە باشە دەرمانیەکانی جیهان ناسراوە...
ئەوسا لە دەرمانی خۆماڵیدا بۆ دەرمانی تاوبڕ، دەرمانی خاوێن کردنەوەی برین، دەرمانی دژی ئسکوربۆت (ئەو نەخۆشینانەی کە بە هۆی کەمیی ڤیتامین Cوە مرۆڤ تووشیان دەبێ)، دەرمانی ئێش و ژانی سپاسم (Spasm)، دژی کرمی نێوسک و بەگری کردن لە خوێژنڕێزی...
فرزنژاد ئەوەشی پێ زیاد کرد کە: شێلدراوی ریشووی دان تیژکەرە بۆ پێگەیاندن و ساڕێژ کردنی جۆش و دمەڵ باشە، کوڵێندراوەی گەڵاکانی بە رادەیەکی زۆر کەم ددانەکان تیژ دەکاتەوە و هەروەها جاوینی زۆری ئەم گیایە دەبێتە هۆی لە نێو چوونی کولبوونی ددان، ئەم رووەکە لە دەرمان کردنی ئاژەڵدا بۆ یاوبڕین و بۆ فێنک کردنەوەی لەش، لە نێو بردنی ژەهر و خاوێکەرەوەی خوێن وەک گەرت و گوڵێندراوە بەکار دێت. دان تیژکەرە ١١ تا ١٥ لە سەددا ئاو، مەوادی لینج، پکتین، مەوادی چەور، هیدراتەکانی کەربون، کلسیۆم، فسفۆر، تیامین، نیاسین، ریبۆفلاوین، مەنزیوم، مەنگەنز، پتاسیۆم، سدیومیشی هەیە.
بە فارسی پێی دەڵێن خرفە.
بە سوێدی پێی دەڵێن Portlak.
بە ئاڵمانی Portulak یە.
به‌ فه‌رانسه‌یی پێی ده‌ڵێن Pourpier یان P. Commun.
ئەم نووسراوەی خوارەوەش لەسەر پەڵپێنە هی مامۆستای دڵسۆز کاکە بەکر ئەحمدییە.
پەڵپینەو گەرما :
بەبۆنەی ئەو شەپۆلە گەرمایەی کە هەموانی بێزار کردووە ، چارەسەرێکی کوردەوریانەی گەرمابردنتان بۆدەکەم بە سودوەرگرتن لە ڕوەکی پەڵپینە .
پەڵپینە گیایەکی خۆرسکی وەرزییە و سروشتیانە لەناو کشتوکاڵ و مەزرا و باخەکاندا دەڕوێت دوای گوڵکردن تۆوێکی زۆر و وردی ڕەنگ ڕەش دەڕێژێتەوە .
جوتیاری کورد ئەرک و زەحمەتی زۆری بەبژارکردنیەوە بینیووە
ئەم گیایە زۆرترین جۆری ڤیتامینەكانی تێدا كۆبۆتەوە وەك ۋیتامین ئەی و بی و سی و دی و ئی هەروەها، دەوڵەمەندە بە كانزاكانی ئاسن و مەگنسیۆم و كالسیۆم و پۆتاسیۆم , لەگەڵ بونی بڕێكی زۆر لە ماددەی بیتا كارۆتین.
.............
با بێینەوە سەر چارەسەرە کوردەواریەکەی گەرمابردە بە پەڵپینە . ئەم گیایە بە جوانی و ورد دەجندراە لەگەڵ دۆدا تێکەڵ دەکرا تاکو تێکەڵاوە ( پەڵپینە و دۆ ) کە جوان خەست دەبۆوە .
بۆ چارەسەری کەسانی گەرمابردە کە توشی سکچونێکی توند دەبوون ،کەسی توشبوو جل و بەرگەکانی لەبەر دادەکەندرا ( وەک سڵقی ڕوت ) گیراوەکەی لەهەموو لەشی هەڵدەسورا و بۆ ماوەی یەک سەعات تا هەستی بە فێنکی و سەرما دەکرد پاش سەعاتەکە لە حەوز و کانیان هەڵدەکێشا و پاک دەیانشۆرد بۆ ئەو دەمە لە نەبوونی دکتۆر و دەرمان چارەسەرێکی گونجاو و کاریگەربووە .
جا بیهێنە بەرچاوی خۆتان کەسێک ڕوتوقوت بکرێتەوە و پەڵپینە و دۆی تێهەڵسورێ چ مەنزەر و شێوەیەکی دەبێ!؟
هیودارم گەرما نەتانبا و بمێنن بە خۆشی
30 ی پوشپەڕی 2719 ی کوردی

© Kurdflora 2000 - 2019 in cooperation with Auriolus, contact
-