BackOrange
پرته‌قاڵ

Latin: - Citrus aurantium - Citrus auratiumdeliciosa
English: - Orange
پرته‌قاڵ 

دارێکه‌ چووکه‌ له‌ تیره‌ی "نارنجه‌کان" Rutacées و سه‌ر به‌ ده‌سته‌ی "مزره‌مه‌نیه‌کان" Aurotinées که‌ دارێکی جوانه‌، به‌ره‌که‌ی که‌ پرته‌قاڵه‌ وه‌ک نارنج وایه‌ و میوه‌یه‌کی زۆر به‌تامه‌ و ڤیتامینی B و C و کالسیۆم و ئه‌سید سیتریک و زۆر مه‌وادی دیکه‌ی باشی تێدایه‌، گوڵه‌کانیشی چه‌رموو و بۆنخۆشن، پرته‌قاڵ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ نه‌خۆشیی میزڵدان و شێرپه‌نجه‌ و شه‌کر و ڕیخۆڵه‌یان هه‌یه‌ فره‌ باشه‌، ئه‌م میوه‌یه‌ له‌ سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌می زایینی یه‌وه‌ به‌ هۆی پرته‌قاڵیه‌کانیه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئورووپا. له‌ ده‌وارانی سه‌فه‌ویشدا که‌ پێوه‌ندیی بازرگایی له‌ گه‌ڵ ولآتی پرته‌قاڵ دامزرا و نه‌مامی پێوه‌ند (متوربه‌ کراو) دراوی پرته‌قاڵیان گه‌یانده‌ ئێران و پێوه‌ندیان دا به‌ دار میوه‌کانی ئه‌ ولآته‌وه‌. ئورووپایه‌کان خۆیان به‌ میوه‌یه‌ ئه‌ڵێن "ئاپل سین" واته‌ سێوی چینی یان سێوی ولآتی چین. خۆرێک پرته‌قاڵ هه‌یه‌ له‌ جێگای ئه‌وه‌ی ڕه‌نگی گۆشته‌که‌ی زه‌رد بێ، ڕه‌نگی سووره‌ و نێوه‌که‌ی وه‌ک خوێن وایه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێی ئه‌ڵێن پرته‌قاڵی خوێنی یان سوور. پرته‌قاڵیش هه‌تاکوو ترشتر بێ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڤیتامینی Cی زۆرتره‌. به‌ فه‌رانسه‌یی به‌ میوه‌یه‌که‌ی Oranger و به‌ داره‌که‌شی Agrume, Oranger, Oranger commun و به‌ ئینگلیسیش به‌ داره‌که‌ی ده‌ڵێن Orange tree.
لە رێکەوتی ٨ی مانگی ٤ی ساڵی ٢٠١٦دا کاک شاسوار هەرشامی لەسەر فەیسبووکی "زمانی ستانداردی کوردی" ئەم روون کردنەوەیە لەسەر پرتەقاڵ نووسیبوو کە منیش لێرەدا وەک خۆی دای دەنێمەوە. دەستی خۆش بێ.
پرتەقاڵ: میوەیەکی ناڕەسەنە و لە موتوربە کردنی نارنج و ترنج بەدیھاتووە. سەرەتا لە باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا بڵاوبۆتەوە.
له‌ دوای سه‌رده‌می بوژانه‌وه‌، ئیسپانیا و پورتوگال، وه‌ک دوو زلهێزی ده‌ریایی، له‌سه‌ر گرتنی دنیا کێشه‌یان له‌ نێوان دروست بوو. هه‌ردوو لا کاتولیک بوون، بۆیه‌ په‌ژیراندیان که‌ پاپا نێوبژیان بکات. پاپای ڤاتیکان، له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌کی خوارو خێچ، دنیای له‌ نێوان ئیسپانیا و پورتوگال دابه‌ش کرد. هه‌ر به‌ ساده‌یی، خه‌تێکی به‌سه‌ر نه‌خشه‌که‌دا هێنا و دنیای کرده‌ دوو نیوه‌. هه‌ر یه‌که‌یان نیوه‌ی خۆی. خه‌ته‌که‌ به‌شێکی ئه‌مه‌ریکای خوارو و هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی بۆ پورتوگال به‌جێهێشت. ئیسپانیه‌کان به‌و خه‌یاڵه‌ی, که‌ له‌ پشت ئه‌مه‌ریکا هیندستان و دنیای دی هه‌یه‌، دڵیان به‌ دابه‌ش بوونه‌که‌ زۆر خۆش بوو. پورتوگالیه‌کانیش، به‌ ده‌وری ئافریکا داسوڕانه‌وه‌. ئه‌نگۆلا، مۆزانبیک و (گوام)ی هیندستانیان گرت. دواتر هاتنه‌ مه‌سقه‌تی عومان و به‌سڕاشه‌وه‌. دوورتر و تا که‌ناره‌کانی (ماکاو)ی چینیش چوون.
پورتوگالیەکان که‌ لە سەدەی شازدە، چوونه‌ ناو هیندستان، میوه‌که‌یان له‌وێ بینی. ئیدی ئه‌وه‌ ئه‌وان بوون، که‌ ھیندستانەوە وەریانگرت و، بە جیھانیان ناساند. ئەمەشە وایکردووە کە لە زۆر زماندا، ناوەکەی، لە ھەمان ناوی ئەتنی و نه‌ته‌وه‌یی، وڵاتی پورتوگال، یان پرتەقاڵەوە وەرگیراوە. لە کوردی ده‌گوترێت پرتەقاڵ. لە عارەبی بورتوقال. لە زمانی گرێکی portokali، پۆرتۆکالی. بە ئەلبانی portokall، پۆرتۆکاڵ. لە بولگاری و مەکەدۆنی portokal، پۆرتۆکال. به‌ ڕومێنی portocaliu، پۆرتۆکالیو. لە ھەندێک زبانی دی، پرته‌قاڵ پێیدەگوترێت سێوی چینی. وەک لە سویدی، ئەلمانی و ھۆلەندی apelsin، ئەپل-سین، که‌ به‌ چه‌ند شێوه‌یه‌کی دیش ده‌نوسرێت.

© Kurdflora 2000 - 2023 in cooperation with Auriolus, contact
-