پنگ، پونگ، پوونگ، پوونگه، پوونه، گیایه‌کی بۆنخۆشه که هه‌م ئاویی M. aquatica و هه‌م دمی M. arvensisیشی هه‌یه. پوونگه له تیره‌ی "نه‌عناکان" Labiacées نه، له پوونگه ئاوی و دێمیدا زۆر جۆری دیکه جیا ئه‌بنه‌وه که له تام و ڕه‌نگدا جیاوازن، بۆ وێنه جۆرێکیان تامی پرته‌قاڵ ئه‌دا و خورێکیان له‌وانی دیکه تیژتره و هه‌ر به‌م بۆنه‌وه ناوی دیکه‌یان وه‌خۆ گرتووه، لاسکه‌کانی باریک و لووله‌یین و گه‌ڵاکانیشی وه‌ک گه‌ڵای نه‌عنا ئه‌چن، به‌ڵام بچووکتر و نووک تیژ و ددانه‌دارن و زۆرتر له نێو ئاو و لێواری ئاودا ئه‌ڕوێ. پونگه به تەرچکی و شیلکی خواردنی زۆر خۆشه، به‌ڵام که پیر ئه‌بێ، به‌که‌ڵکی خواردن نایه و پێی ئه‌ڵێن "پنگه‌ڵ" یان "بۆ" و له‌م کاته‌دا به قه‌د باڵای پیاوێک به‌رز ده‌بێ و له گوڵه‌کانیدا که ڕه‌نگیان په‌مه‌یی و به‌نه‌وشن تووکێکی وه‌ک خوری ئه‌ڕوێ و ته‌نیا له ژێر دوێینه و شه‌له‌مدا ڕای ئه‌خه‌ن تاکوو ویشک ده‌بنه‌وه و له کاتی هه‌ڵگرتنیشدا به دۆینه و شه‌له‌مه‌که‌وه ده‌نووسێن که زستان له کاتی لێناندا بۆن و به‌رامه‌ی پوونگه‌یان لێدێ. بێجگه له‌مه پوونگه له چێشتی "دوخوا" دۆکڵیو ده‌کرێ و وشکیش ده‌کرێ بۆ زستان و وه‌ک به‌هارات به‌کاری دێنن. پوونگه بۆ ده‌رمان ئه‌شێ و دژی تاو و له‌رزه و چه‌ند سه‌د ساڵ پێش زایین حه‌کیمه‌کان له سه‌ر ئه‌م گیایه‌یان نووسیوه. به‌هاران که کوردان ئه‌ڕۆن بۆ سه‌یران له‌گه‌ڵ هێلکه کوڵاودا ئه‌یخۆن، یان به کاڵی له نێو نانی ئه‌نێن و به بابۆڵه ئه‌یخۆن. جۆرێک پوونگه هه‌یه که خواردنی ئه‌بێته هۆی نووسانی ده‌نگ که پێی ئه‌ڵێن: "پوونه دۆخه". پوونگه بۆ ته‌سکینی ئێش و هێمن بوونه‌وه‌ی مێشک باشترین خواردن و بۆ دژی سکچوونیش باشه. خه‌رپوونگه جۆرێک پوونگه‌ی خراپه. هه‌روه‌ک وترا پوونگه جۆری زۆره و من هێندێکیان لێره‌دا ده‌نووسم: Myntha له ئێران‌دا ٦ جۆری یه‌کساڵه و چه‌ند ساڵه‌ی بۆنخۆشی هه‌یه. Mentha aquatica ئه‌مه‌یان پوونگه‌ی ئاویه. M.Longifolia amphilema ئه‌مه‌یان پوونگه یه‌ک ڕه‌نگه. M.Longifolia Calliantha ئه‌مه‌ش پوونگه‌ی جوانه.
M.Longifolia Kotschyana ئه‌مه‌شیان پوونگه دارستانه. له کتێبێکی خانمی Ingeborg Lindegordدا نووسراوه که: "بوونگه جۆری زۆره، ئه‌و جۆره‌ی که له ئینجیل‌دا باسی کراوه جۆرێکی بۆنخۆشه که گه‌ڵاکه‌ی ئاوداره و گوڵه‌کانی به‌نه‌وشن و بۆ به‌هارات به‌کار دێ و به فراوانی له ئیسرایلدا ده‌ڕوێ. هه‌موو گیاکه بۆن ده‌دا. ئه‌وبه‌شه‌ی که له ئینجیل‌دا باسی کراوه Hedyosmonیه که مانای "بۆنخۆشین (بۆنخۆش) [به‌رانتسه‌که هی خۆامه.ح.د.] له شوێنی نمدار و ته‌ڕدا له گوێی جۆگه و ئاودا ده‌ڕوێ، به‌ڵام هی کێویشی هه‌یه. هه‌ر له مێژه و ئێستاش وه‌ک ده‌رمان به‌کاری دێنن." به فه‌رانسه‌یی Poulit و Menthe pouliotی پێده‌ڵێن.
کاشمه و به‌ڕه‌زا لووشه و ترشکـــــه
کوزه‌ڵه‌و کاردوو، پوونگه و به‌نگۆکه
"پیره‌مێرد".
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
پیاو ئەگەر شێرە یا خۆ پڵنگـــە
ژن دەرکی نەکا کەمتر لە پنگە