گیایەکە لە تیرەی "تێکەڵاوییەکان" (compositae) کە بۆ دەمان دەشێ. گیایەکی بە پنچە و باڵای تا ١ میتر بەرز دەبێ. بەڕێز ئەمیر ئەمینی لە کتێبی "فرهنگ گیاهان دارویی" لە لاپەڕەی ٣٥دا لەسەر ئەم گیایە دەنووسێ: بۆ بەهێز کردنی ئەشتها و میزان کردنی سووڕی مانگانەی ژنان لە کوردستان بەتایبەتی لە ناوچەکانی هەورامان، جوانڕۆ، کەرند و قەڵخانی لە دێم کراوی ئەم گیایە بە رادەی ١ کەوچکی چێشخواردن لە نیو لیتر ئاودا لە هەموو گیایەکە کەڵک وەردەگرن. لە کتێبی "دودمان آریائیان"دا دەڵێ لە شاری سازان لە ٢٣ فرسەنگی حلوان (سەرپێڵ زەهاو)ی ئێستا کە لە ناوچەی ئێناخی و لە بناری کێوی گوزیلدا هەڵکەوتبوو و شارێکی گرینگ بووە لە دەورانی ئەشکانیەکاندا، هەمبارێکی گەورە لە گیای وردە گیواوی کێوی و دەشتی هەبوو کە بە هۆی پیاوەکانی "تیرداد دوم"ی ئەشکانیەوە بۆ فرۆشتن دەناردرا بۆ بازاڕەکانی رۆمی ئەو کات، لەبەر ئەوەی لەوێ بە شێوەی پێکهاتەیەکی تێکەڵاو بۆ درمانی نەخوەشییە مقاربتی (STDs)یەکان کەڵکی لێ وەردەگیردرا.