BackPomegranate, Punice apple
هەنار

Latin: - Punica granatum
English: - Pomegranate, Punice apple
هەنار 

هەنار یان دار هەرنار، دارێکە لە تیرەی Punicaceae و باڵای لە ٥ تا ٧ میتر بەرز دەبێ. ئەم دارە لە سەرەتاوە لە ئاسیاوە هاتووە. گەڵاکانی هێلکەیی و نزیکەی ٧٥ میلیمیتر (٣ ئینج) درێژن و رەنگیان سەوزێکی رووناکە. گوڵەکانی نارنجیەکی مەیلەو سوور یان سوورێکی زۆر جوانە، کاسەی گوڵەکەی درێژ و لوولەییە و لە پێنج تا حەوت پەڕەی نەیزەیین، تۆودانەکەش لە نێو کاسە گولە لوولەییەکەدایە. بەرێکی خڕ و سوور دەگرێ کە ئەویش ناوی هەنارە و پڕە لە دەنکی وردی سوور.
هەنار کە گەیشت دوای پاک کردنی پێستەکەی دانەکەی کە پێی دەڵین دانە هەنار دەخورێ، دەنا وشکی دەکرێ و دەکرێ بە هەناردان بۆ زستان و کاتەکانیتر کە هەنار دەست ناکەوێ و لە هەناردانیش چێشتی خۆشی وەک ترشاو دروست دەکرێ. لە دانەهەنار دۆشاوێکی رەش دروست دەکرێ کە پێی دەڵین ربە هەنار یان هەنار.
لەبەر ئەوە لە کوردەواریدا هەنار هەمیشە بووە و وەک دەرمان بەکار هاتووە و دەرمانی باش بووە بۆ سەرماخواردووی و زکام و هەڵامەت. لەم هۆنراوەی مەولەویشدا دەردەکەوێ کە دەرمانی زکام و هەڵامەتە.
شنەفتم دوور با لەیل زوکامشــــــــەن
دیشوار باڵای نەو نەمامشــــــــــــــەن
هەنارەکەی دڵ پڕ جە دانەی ئـــــــێش
پیشیای کوورەی نار عەشق وێــــــــش
بە مەودای موژگان سۆراخش کــــەرۆ
وە گەرمی نیشان دەماخـــــــــش دەرۆ
"مەولەوی تاوەگۆزی"
هەنار لە کوردستان و ئێران بگرە و تاکوو کیوەکانی هیمالیا لە هیند دەڕوێ. وڵاتی ئێران کە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی ناردە کردنی هەنار لە جیهاندایە ساڵانەی نزیکەی ٨٠٠ هەزار تۆن هەنار دەنێرێتە دەرەوە. ئەو شارانەی لەو وڵاتەدا زۆرترین هەناریان هەیە بە رێژەی ریزبەندی ئەمانەن ساوە، نی‌ریز و فردوس. هەنار بە رەنگ و روخساری جیاوازەوە هەیە و لە سپیەوە بگرە تاکوو رەش هەیە. هەنار لە کەش و هەوای جۆراوجۆردا بەر دەگرێ بەڵام ئاودانی لە رادەبەدەر لە کاتی گەیشتنی میوەیەکەیدا، دەبێتە هۆی قڵەشانیان. دارهەنار لە گەرمای ویشک و سەرمای ١٠ پلەی ژێر سفردا خۆی رادەگرێ.
لە پێستی هەناریش جۆرێک رەنگ دروست دەکرێ کە پێی دەڵێن رەنگی هەناری کە بۆ رەنگ کردنی بەن و خوری بەکاری دێنن.
لە هێندیک ئایین و بیروباوەڕی کۆنی ئیرانیدا هەنار میوەیەکی پیرۆز بووە و لە پێشووشدا گوڵە هەنار وەک سەمبول لە بەر کڵاوی نزامیەکانی ئێران درابوو. لە گاردی جاوید کە سەربازانی تایبەتی بوون و هەڵبژاردەی تایبەتی بوون نەیزەکانیان لە نیشانەی هەنار دروست کرابوو.
لە هەناردا ڤیتامین C زۆرە رەنگە هەر ئەمەش بووبێتە هۆی ئەوەی کە کورد بۆ دەرمانی زوکام و هەڵامەت بەکاری بێنن، دەڵین خواردنی هەنارێک لە رۆژدا دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی ٤٠% لەو رادە ڤیتامین Cیەی کە لەش پێویستی پێیەتی. هەروەها هەنار سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ئەسید فولیک و ئانتی ئوکسیدانە. بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە زانکۆی مدرس لەسەر نێوەڕۆکی ئانتوسیاتینەکانی هەنار لە ئێراندا کراوە، دەرکەوتوو کە هەنار بە رادەیەکی زۆر لەو پێکهاتانەی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە. باشی ئانتی ئوکسیدانی هەنار لە پێوەندی لەگەڵ پێکهاتە فنولیکەکاندایە کە ئانتوسیاتین لە ریزی ئەم دەستەیەدایە.
هەروەها لە هەناردا ڤیتامینەکانی A، B، C، E و شکر و تانین دەست دەکەوێ. هەنار ئاسن و ڤیتامینەکانی پێویستی بۆ خوێن تێدایە. هەناری تام شیرین بۆ سینگ و سیەکان دەرمانی زۆر باشە. لەبەر ئەوەی ڤیتامینی B لە هەناردا هەیە بیروهۆش بەهێز دەکا و لەبەر ڤیتامین B۶ دژی رشانەوەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنە سکپڕانەی کە لە سێ مانگەی هەوەڵی سکپڕیاندا دڕشێنەوە زۆر بەکەڵکە. لەبەر ئەوەی ئەو هەموو ڤیتامینە و ئاسنەی تێدایە بەیانیان بخورێت زۆر زۆر باشترە. بۆ خوێن کردنەوەی خوێن لە ژەهر و مەوادی پیس زۆر باشە بۆ دڵ و بەهێز کردنی دڵ دەرمانە. دژی چەورییە و پی و چەوری لە لەشدا دەردەکا ئەگەر دەنگە هەنار بە پەردە ناسکەکەی نێوان دەنگەکانەوە بخورێ گەدە و رێخۆڵەکان ساف و سۆڵ و دەکا. ربە هەنار و گەڵای دار هەنار بۆ لاوازی گەدە زۆر باشە و بەهێزی دەکاتەوە و ئیشتهای مرۆڤ دەکاتەوە. بۆ کچان دەرمانی باشە و ئەگەر میگرێنیان هەبێ ئەوا بۆیان دەرمان دەکا. ئاوی هەنار بە شەکرەوە و دانەی هەناریش بۆ دژی سکچوون زۆر باشن.
لەشکری زوڵفت لە بۆ قەتڵم هەمیشە حـــــــــازرە
وەرنە سەیری تیری موژگانی لە دڵدا نەشتــــــەرە
ڕووت گوڵ و نارنج و لیمۆ یا هەناری گوڵ بـەدەم
دانەیی یاقووتە خاڵت غەبغەبت وەک کەوســـــەرە
"زەبێحی"
لە کوردەواری خۆماند زۆر جاو مەمک و سینگی کچان بە باخ و بێستان و سێو، پرتەقاڵ، لێمۆی کاڵ و مێوەی بەتامیتر شوبهێندراون. لەم هۆنراوەی خوارەوەشدا وەفای مەمکی یاری کردووە بە هەنار:

بــە عـــیـشــوە زولــفی لادا لـەســەر عــوزار و زاری
دوگمەی کراســی ترازا ، بــزووت هــەوای بەهــاری
کە شـــەو بەیــانی بەردا گــوڵ و وەنـەوشــە بــاری
ســەودای بە عاشــقان دا باغـــی گــوڵ و هەناری
دونیایەک ئینتیزاری ، شیرین تەشی دەرێسێ !!!
"وەفایی"
ئەمەش ناوی چەند جۆر هەنار:
مەلیسێ یان مامەلیسێ
دەنک رەش
تایەفی
سوێرکە
گروێسی
ترشە
تمبە
خاناودەلی
سوورکە
کەڵبەسمە

© Kurdflora 2000 - 2023 in cooperation with Auriolus, contact
-