BackFicus carica
هه‌نجیر

Latin: - Ficus carica
هه‌نجیر 

هەنجیر بەری دار هەنجیرە کە لە بنەماڵەی "Moraceae" گوڵە نێرو مێیەکانی جیا لە یەکتر و بە شێوەیەکی گوشراو لە بەشی نێوەوەی گوڵەکەیدان. داری هەنجیر لەو دارانەی کە لە لای هێندیک کەس بە پیرۆز دەزانرێ. میوەکەشی کە هەنجیرە بەرێکی گۆشتی یە کە بە نەگەیشتووی کاڵ و پاشان رەنگی دەبێ بە سورمەیی و بەنەوش.
دارهەنجیر لەو شوێنانەی زستانی سارد و هاوینی گەرمیان هەیە زۆر باشتر پێدەگا. دارەکەشی زۆر چووکە و باریکە بەڵام زۆر گیان سەختە و لە شوێنی زۆر سەخت و ئەستەمدا دەردێ، ئەوانەی کێوین دەتوانن تەنانەت لە تۆزێک خۆڵدا لە نێو بەردێکەوە سەردەربێنن. لە تەمەنیشدا تاکوو ٣٠٠ ساڵ تەمەن دەکا و لە شوێنە هەرە باشەکاندا تاکوو ١٥ میتر بەرز دەبێ. میوەکەشی زۆر باشە و دەرمانی زۆر دەرد و نەخۆشیە و دەڵێن هیچ دەرمانێک بە رادەی هەنجیر بۆ نەخوەشی سک گیری (قەبزی)، بواسیری و نقرس و کۆڵنج باش نیە. لە دەرمانی ئێستاشدا شەربەتێک بە ناوی "فیجن"ی لێ ساز دەکرێ کە درمانی زۆر باشە بۆ وەگەڕ خستنەوەی سک گیری. هەنجیر بە تەڕ و تازەیی، لە کومپوت، مرەبا، ئارد، قاوە و ئەلکول و مارالاددا بەکار دەبرێ.
ئەم نووسینەی خوارەوە کە باسێکی کورتە لەسەر هەنجیر، نووسینی مامۆستا بەکر ئەحمەدی بەڕێزە:
وەرزی پێگەینی هەنجیر
یەکەم بەر کەداری هەنجیر دەریدەکات قەبارەیان گەورەیە و پێیان دەوترێت باهەنجیر ( هەنجیرە بایە).
هەندێ لە باهەنجیرەکان بەکاریگەری گەرمای زۆر و بوونی پەڵە هەور لەئاسماندا ناویان بۆش دەبێت و دەپوکێنەوە و کەڵکی خواردنیان نامێنی بەو جۆرە دەوترێت (هەوربردە یان کەڕەهەنجیر ) وەک کەڕەگەڵا ،کەڕ لێرەدا بەواتای بێ گیان و وشکهەڵاتوو .
هەنجیر لەکوردستان ئەم جۆرانەی هەیە:
١- هەنجیرە ڕەشکە (ڕنگی ڕەشە).
٢- هەنجیرە زەردکە.
٣-هەنجیرە شڵە ( شڵ واتە بەڵەک).
٤- هەنجیرە سورە .
٥-هەنجیرە چۆلەکە ،ئەمەیان خۆرسکە و لە شوێنی سەخت و بن کاوە شاخ کە خۆر لێی نەداو تەڕایی ئاوی لێبێت ( خۆرنەگەز ) یاخود لە نزیک لێواری ئەشکەوتەکان ،ئەم جۆرەیان قەبارەی هەنجیرەکانی بچوکە و لەکاتی پێگەیینیاندا زۆر شیرینە و چۆلەکە و باڵندەکانی تر هەر زوو لاخوراویان دەکەن .

© Kurdflora 2000 - 2019 in cooperation with Auriolus, contact
-