هاوڕێی بەڕێزم کاک بەکر ئەحمەدی رۆژی ٧ی ٧ی ساڵی ٢٠١٥ ئەم نووسینەی خوارەوەی لەسەر نۆکی کێوی دانابوو کە من وەک خۆی دەیگوازمەوە بۆ ئێرە.
پێشەکی زۆر سپاسی زەحمەتەکانی دەکەم.
پێشکەشە بەو هاوڕێیانەی ئارەزویان لە کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر گژو گیا و ڕوەکی سروشتی کوردستان
بۆ یەکەم جار ئەم جۆرە ڕوەکە ( گیایە ) لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی تورکیا و باکوری سوریا واتە ( باکور و خۆر ئاوای کوردستان ) پێش ١٠٥٠٠ ساڵ دۆزراوەتەوە و پێ دەچێت نیشتمانی سەرەکی هەر کوردستان بێت. لە بەدواداچونێکمدا لە باشوری کوردستان و لە ناوچەی شارباژێر هەمان جۆری نۆکی کێویم بەرچاو کەوت و سەرنجی ڕاکێشام یەکەم جار لە ڕۆژی ٩/٤/٢٠١٥ وێنەیم گرت و دوای نزیکەی دوو مانگ سەردانی هەمان شوێنم کردوەوە کە ئەو گیایە گەشەی کردبوو و پێگەیشتبوو واتە بەری دەرکردبوو.
گەڵاکانی ٣ بۆ چوار پلە و ناڕێکن و ڕەنگیان سەوزی تێرە لە کاتێکا کە نۆکی ئاسایی گەڵاکانی شێوە هێلکەیین و ڕەنگیان سەوزی کاڵە، دەنکی نۆکەکە قەبارەی بچوکە و تامی هەرهەمان تامی نۆکی ئاساییە.