مرۆرە، قەلۆکە، گەنم رەنگ، گیایەکی یەکساڵانە لە بنەماڵەی "پوئاسە یان گەنمیەکان" Poaceae = Gramineae و لە تیریەی "Triticum" کە لە گەنم و جۆ دەچێ. بەرێکی رەش دەگرێ کە ژەهراوییە و ئەگەر لەگەڵ دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆ تێکەڵ بکەوێ و بکرێ بە ئارد، ئەوا تام و جێژی ئەو ئاردە تاڵ دەکا و ئەگەریش بە رادەیەکی زۆر بێ، ئەوا دەبێتە هۆی سەرەگێژە و رشانەوەی ئەوانەی کە دەیخۆن. بەڵام پەلەوەر بیخۆن هیچیان لێ ناکا.
بەڕێز ئەمیر ئەمینی لە بەرهەمەکەی خۆیدا بە ناوی "فرهنگ گیاهان دارویی" لە لاپەڕەی ١٢٢دا دەڵێ: نیشانەکانی تووشبوون بە خواردنی مرۆر، سکچوونێکی بەردەوامە، بەڵام ئەگەر بەر لە بەرگرتن بەکار بێ هیچ زیانی بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ نیە، ژەهری ئەم رووەکە لە سەر سیستمی ئەعساب کارگەریی هەیە، تەنانەت مریشک و کەڵەشێر دەکوژێ، لە دەورانی بوقوراتەوە ژەهراوی بوونی مرۆر زانراوە. لە کوردستاندا خەڵکی لەو باوەڕەدان کە مار زۆر حەزی لەم گیایەیە و لە دەنکەکانی قورت دەدا، بۆیە ژەهری ماری حەفی هێندە کوشندەییە. لە ناوچەی هەوراماندا ئەگەر ژەهرێک لە ژەهری مرۆرەوە نزیک بێ، پێی دەڵێن "مرۆر" لە بەر ئەوەی وشەیەکی پەهلەویی ئەشکانییە و مانایەکی نزیک بە "مەرگ هێنەر" دەدا.
ناوە لاتینیەکەی ئەم رووەکا لە وشەی لاتینی Temulus (سەرەگێژە هێنەر) هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژەهرەی کە لەم رووەکەدایە و مرۆڤ تووشی سەرەگێژە دەکا.
بە سویدی Dårrepe یە. مرۆر ئێستا لە سویددا کەمتر لە جاران دەبینرێ بەڵام بە پێ Nordstedt 1920 ئەم رووەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵەکانی ١٦٠٠دا بۆ یەکەمجار تۆمار کراوە.
مرۆر قەدیم لە سویددا خەڵکی تووشی نەخۆشی و سەرەگێژە کردووە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە وەک ئێستا لە گەنمەکە جیا نەدەکرایەوە و لەگەڵ گەنمەکە دەیانهاڕی و لە کاتی بەکارهێناندا خەڵکی تووشی سەرەگێژە و رشانەوە دەکرد. هێندێک لەو باوەڕەدا بوون کە تۆمەکانی ئەم رووەکە بە ژەهرەوە تێکەڵ کراوە. هێندێکیش ئەم هۆکارە دەگێڕنەوە بۆ مەوادێک بە ناوی توکسین toxin یان ئالکولیدین تەمولین کە لە نێو دانەی ئەم رووەکەدان.
بەشی خەڵقی "بەهارە"ی بێ "مرۆر"ی سیحەت و شادی
بەشی ئێمەش هەمووی "حاجی بەیان"ی دەرە و میحنەت بوو
"بێخود"
بە ئاڵمانی پێی دەڵێن Taumel-Lolch .
سەیری دانەوێڵەی دێمی بکە.