قاوه‌ش وه‌کوو زۆر شتی دیکه، مێژووی دۆزینه‌وه و سازکردنی له نێو ئه‌فسانه‌دا ون بووه و که‌سیش نازانێ له‌ڕاستیدا هه‌وه‌ڵ که‌س کێ بووه که تام و جێژی له هه‌وه‌ڵین پیاڵه قاوه کردووه. بهرسهرهاتێک هه‌یه که ئه‌ویش له هه‌زاران ساڵ پێشه‌وه گوایه کابرایه‌کی حه‌به‌شی بۆنی خۆشی قاوه‌ی له چه‌ند ڕووه‌کێکی خۆرستهوه هه‌ست پێکردووه که له حاڵی سووتاندا بوون، ئه‌م کابرایه‌ش چه‌ند ده‌نک له تۆوی ئه‌م ڕووه‌که‌ی خواردووه و لای هێنده به تام و جێژ بوون که خواردنهوهیهکیشیان لێ ساز ده‌کا و به‌م جۆره قاوه دۆزراوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌زانین که حه‌به‌شیه‌کان له ئافریقای ڕۆژهه‌ڵات هه‌وه‌ڵین که‌سانێک بوون که له‌زه‌تیان له تام و جێژی قاوه بردووه. تاکوو سه‌ده‌ی پانزدهههمیش وڵاتی حه‌به‌شه ته‌نیا شوێنێک بوو له دونیادا که داری قاوه‌ی لێ شین ده‌بوو. به‌ڵام پاشان گه‌یاندیانه عه‌ره‌بستان و له‌و کاته به دواوه بۆ ماوه‌ی دووسه‌د ساڵ، قاوه‌ی دونیا له (یه‌مه‌ن)ه‌وه وه‌ده‌ست ده‌هات. له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا، هولهندیهکان ده‌ستیان دایه چاندنی قاوه له (جاوه) و ڕووه‌کی قاوه‌یان گه‌یانده چه‌ندین وڵاتی که که‌ش و هه‌وای سازگاریان هه‌یه (استوائی). ئێنگلیسیهکانیش قاوه‌یان برده دووڕگه‌ی (جامائیکا) و له‌وێشه‌وه برا بۆ باشوور و ناوه‌ندی ئامریکا. زۆر خێرا له ئامریکا و ئورووپادا بڵاو بووه‌وه. ڕووه‌کی قاوه له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا که له نێوه‌ڕاستی گۆی زه‌ویدا هه‌ڵکه‌وتوون پێده‌گا، به‌ڵام له شوێنه به‌رزه‌کاندا باشتر گه‌شه ده‌کا. ئه‌م جۆره که‌ش و هه‌وایه‌ش له تهپۆڵهکانی برازیلدا هه‌ن، هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ له ٤ دا ٣ به‌شی قاوه‌ی جیهان له برازیله‌وه دابین ده‌کرێ. گه‌وره‌تری کێڵگه‌ی قاوه له برازیلدا هه‌ڵکه‌وتوون، هێندێک له‌م کێڵگانه چه‌ندین میلیۆن داری تێدا چاندراوه و ده‌یان کیلومیتر درێژییانه. قاوه‌یه‌کی زۆریش له نزوئیلا، کولومبیا، گواترمالا و مکزیکۆ و هێندێک شوێنی ڕۆژئاوای هیند و جاوهشدا ده‌ڕوێ. پێشتر "موکا و جاوه" به شوێنێک ده‌وترا که قاوه‌ی لێ وه‌ده‌ست ده‌هێندرا. به‌ڵام ئه‌م وته‌یه ئیتر ڕاست نییه و ئه‌م وشه‌یه ناوه‌ی تایبه‌ته به جۆرێک له قاوه. بۆ وێنه ئه‌م دوو جۆره قاوه‌یه هه‌ردووکیان له برازیلیشدا هه‌ن، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی که جۆرێکیتری به ناوی "ریووسانتوس" به‌ناوبانگه. ئه‌مڕۆ گه‌وره‌ترین به‌نده‌ری ناردنی قاوه له به‌نده‌ری "سانتوس" له برازیلدایه. تۆوی قاوه‌یی ژێر عه‌رز نێوکێکه له گیلاسێکی چووکه ده‌چێ. ئه‌م میوه‌یه له سه‌ر ڕووه‌که به‌رزه‌کانی که گه‌ڵای بریقهدایریان هه‌یه ده‌ڕوێن. نێوکهکانی تاک تاک یان جووت جووت پێکه‌وه‌ن. له کاتێکدا زیاتر له ٢٥ جۆر قاوه‌ی خۆڕست له وڵاتانی ئیستواییدا ده‌ڕوێ، به‌ڵام ته‌نیا دوو جۆریان تام و بۆنیان خۆشه و به برژاندنیان بۆنیان بڵاو ده‌بێته‌وه. فرهنگ بمن بگوچرا. به‌رگی شه‌شه‌م ل. ٧٣ و ٧٤. تێبینی: ئه‌م قاوه‌یه‌ی که له پاکه‌ت کراوه و ئاماده‌ی دێم کردنه، پێشتر به شێوه‌ی تایبه‌تی برژاندوویانه و ئاماده‌ی دێم کردن کردووه. به‌سه‌رهاتێکی تایبه‌تی له سه‌ر ژه‌هراویی بوونی قاوه و چایی له وڵاتی سوێددا هه‌یه، جێگای خۆیه‌تی که لێره‌دا بڵاوی بکه‌مه‌وه، ئه‌ویش به‌م جۆره‌یه: "گوستاڤ"ی سێهه‌م که له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا پاشای سوێد بوو، ده‌یهه‌ویست بزانێ که چاوی و قاوه که تازه هاتبوونه سوێد و له نێو خه‌ڵکدا بڵاو بووبوونه‌وه، ژه‌هراوین یان بێ زیانن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دوو برا که جووته (لفانه، جمک) بوون و له به‌ندیخانه‌دا به ئیعدام حوکم درابوون بانگ کران و پێیان وتن که یه‌ک ده‌ره‌جه له حوکمه‌که‌یان که‌م ده‌که‌نه‌وه به شه‌رتێک که یه‌کیان چایی و ئه‌ویتریان قاوه‌یه‌کی زۆر بخۆنه‌وه. برا چایی خۆره‌که پێش له برا قاوه خۆره‌که‌ی مرد، ئه‌ویش نه به‌هۆی ژه‌هراوی بوونی چاییه‌وه، به‌ڵکو له ته‌مه‌نی ٨٣ ساڵیدا و به مه‌رگی سروشتیی!