BackAegilops geniculata
شیلە گیا

Latin: - Aegilops geniculata
شیلە گیا 

گیا شیلە یان شیلەگیا
ناوی زانستی Aegilops geniculata
ناوی ناوچەیی ovate goatgrass بزنەگیا
لە هەندێ ناوچە بە جۆتاڵە ناسراوە ، گیایەکی بەهاری خۆڕسکە و لاسک بەرزە گوڵ و تۆوی شیلەگیا لە گوڵ و تۆوی جۆ سپی ( جۆ شینە ، سەوز )دەچێت ،پڕژی سەر گوڵەکان کەمێ درێژ و باریک وزبر و نوک تیژن بەشی خوارەوەی بەرگی تۆو لە شێوەی قەڵداسودایە و نوک تیژە .
شیلەگیا بەزۆری لەناو دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆدا دەڕوێت ،جوتیار بە بژارکردن و خاوێنکردنەوەی گەنم ۆ جۆ لە شیلەگیا زۆر ماندوو دەبن ، بوونی بڕێکی زۆرلە تۆوی ئەم گیایە لەگەڵ گەنمدا کاتێک دەکرێتە ئارد تامێکی تاڵی پێ دەبەخشێ ، پاکردنەوەی بەشەن و کەوکردن و لەبێژنگدان و تەنانەت شۆردنەوەی دانەوێڵەکەش ئاسان نییە لەبەر ئەوە لە کۆندا ئەو گەنمەی تۆوی شیلەگیای زۆری پێوەبووە لەسەر نمەد(لباد ) ێک ڕۆکراوەو دەنکی شیلەگیاکە بەهۆی دڕکەکەیەوە بە لبادەکەوە نووساوەو گەنمەکە کراوەتە دەفرەوە و تۆوی شیلەگیاکە بە گسکەدارینە لە لبادەکە کراوەتەوە ئەوسا باراشەکە براوە بۆ ئاش بۆ لێکردن و کردنی بەئارد.
بەپێی گێڕانەوەی بەتەمەنەکان بوونی بڕێکی زۆر لە تۆوی شیلەگیا لەناو ئاردا نانەکەی تاڵ بووە و بۆتە هۆی خەولێکەوتن و لەهۆشخۆچون یاخود ڕشانەوە .
دەگێڕنەوە شوان هەبووە کە بوخچە ( چارەکە) کەی نانی شیلاوی تێکراوە نێوەڕۆ پاش نان خواردن خەوی لێکەوتووە و خەبەری نەبۆتەوە تا ڕۆژی دوایی بەدوایداگەڕاون و ڕانەمەڕ خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ئاوایی .
............
٭ شیلە : شیلە و شیرینی گوڵ و گیا کە هەنگ و مێروەکانی سودی لێوەردەگرن یان شیلەی شەکر ٚ
٭ شیلە : ‌‌‌چوار ددانی شەویلەی وڵاخە بەرزە ی وەک ئەسپ و ماین و کەر یان یەک سمەکانە لەدوای چوار ساڵ دەوەرن و ددانی تر لە جێگەیان دە‌ڕوێن ، ددانە شیلەکان نیشانەیەکی ترن بۆ زانینی تەمەنی وڵاخەبەرزەٚ
٭ قەڵداسو جۆرە دڕکێکی گژوگیایە .
٭گسکە دارینە : گسکێکە لە شوڵی دار بی و بەڵاڵوک و ەڕودار دروست دەکرێت بۆ ماڵین و خاوێنکردنەوەی خەرمان .
٭ نمەد : ڕاخەرێکە لە خوری مەڕ و بەرگن دروستدەکرێت .
ببەرگن: خوری بەرخی یەک ساڵە .
چارەکە(بوخچە) : توربە ،نان و چایی کۆڵی شوان .
Bakir Ahmady 29/32020

© Kurdflora 2000 - 2020 in cooperation with Auriolus, contact
-