BackCrown imperial, Crown imperial fritillary
شلێرە

Latin: - Fritillaria imperialis
English: - Crown imperial, Crown imperial fritillary
شلێرە 

شللێر، شلێر، قاقڵەبازی، گوڵە شلێرە، هەڵاڵە برمبرم، هەڵاڵە برمە، گوڵێکی سووری ئاڵ یان زه‌ردی پیاڵه‌ ئاسای سه‌ره‌و نخوونه‌ له‌ تیره‌ی “سوێسنی یه‌کان” (Liliaceés) زیاتر له‌ کوێستانان ده‌ڕوى هی وا هه‌یه‌ میترىک بەرز ده‌بێ، دوو قات و سێ قات گوڵه‌کانی وه‌کو زه‌نگۆڵه‌ پێیدا شۆڕ ده‌بنه‌وه‌، له‌ بنیشه‌وه‌ سه‌لکیشی وه‌ک سه‌لکی پیاز وایه‌. به‌سه‌رهاتی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م گوڵه‌ جوانه‌ هه‌یه‌، یه‌کیان له‌ کتێبێکی Ingeborg lingegård دا به‌ ناوی Myrten och kejsarkrona له‌ لاپه‌ڕه‌ی ١٣دا هاتوه‌: کاتێکه‌ عیسای په‌یغه‌مبه‌ر له‌ ئاخرین جه‌وله‌ی خۆی له‌گه‌ڵ شاگرده‌کانیدا بۆ golgata گه‌یشته‌ getsemane هه‌موو گوڵه‌کان سه‌ری خۆیان دانه‌واندبوو، بێجگه‌ له‌ شلێره‌ نه‌بێ که‌ به‌ مل به‌رزی گوڵه‌ چه‌رمووه‌کانی ڕوو کردبوون له‌ ئاسمان. عیسا به‌ ئاسته‌م ده‌ستی له‌ سه‌ری دانا و به‌ دڵنه‌وازیه‌وه‌ پێی وت: شلێره‌، شلێره‌، هێنده‌ش له‌خۆ بای مه‌به‌! ئه‌وجار شلێره‌ش له‌ خه‌جاڵه‌تی دا سوور هه‌ڵگه‌ڕا و فرمێسک له‌ نێو تاجی گوڵه‌کانیدا قه‌تیس ما، به‌ بێ ئه‌وه‌ی بڕژێته‌ سه‌ر عه‌رز. له‌م ڕۆژه‌وه‌ گوڵه‌کانی سوور هه‌ڵگه‌ڕان و فرمێسکه‌کان له‌ نێو گوڵه‌کانیدا کۆ بوونه‌وه‌ و قه‌دیش لێی ناڕژێن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ گوڵێکی ئه‌م گیایه‌ سه‌یر بکا ده‌بینى که‌ چه‌ند دڵۆپه‌ی ئاوی تێدان که‌ له‌ دڵۆپی فرمێسک ده‌چى، ئه‌گه‌ر گوڵه‌که‌ش بشه‌کێنیته‌وه‌ دڵۆپه‌کانی لى ناوه‌رێ، ئه‌گه‌ریش به‌ ئه‌نگوست بیانسڕیه‌وه‌ دوای تاوێک چه‌ند دڵۆپه‌ی دیکه‌ شوێنیان ده‌گرنه‌وه‌. له‌ وشکه‌ ساڵیدا له‌ کوردستان سه‌لکی ئه‌م گیایه‌یان وشک کردووه‌ و کوتاویانه‌ و له‌ گه‌ڵ هێندێک ئارد یان به‌ ته‌نیا ده‌یانکرده‌ نان، که‌ ده‌بێته‌ هۆی دڵ ئێشه‌ و زگ ئێشه‌ و بى تاقه‌تی.
زیاتر له‌ ١٥ جۆری له‌ وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه‌ و جۆره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌مانه‌ن. F. Raddeana, F. Kotschyana, F. zagrica, F. Straussii, F. Olivieri, F. chlorantha ئه‌م جۆرانه‌ی خواره‌وه‌ش بێجگه‌ له‌ ئێران له‌ ترکمنستان، ئه‌فغانستان، پاکستان، ئاناتۆلی، عێراق و قه‌فقازدا هه‌ن. F. ariana, F. assyriaca, F. crassifolia, F. uva-vulpis, F. Reuteri, F.F. ibbosa, F. caucasica
له‌ لاپه‌ڕه‌ی ٦٣٢ دا له‌ کتێبی ف.ن.گ. ا. ولی الله‌ مزه‌فه‌ریان ناوی چه‌ند جۆری دیکه‌ی نووسیووه‌ که‌ من هێندێکیان ده‌نووسمه‌وه‌. Frillaria kurdica شلێره‌ی کوردی، F. caucasica شلێره‌ی قه‌فقازی، F. zagrica شلێره‌ی زاگرۆسی.
شلێره‌ وای شلـــــــێره‌
بۆن خۆشه‌ وه‌ک کنێره‌
“تایه‌ر تۆفیق”
تێبینی: لە هێندیک ناوچەی خوارووی کوردستان بە گوڵە شلێرە دەڵێن "هەڵاڵە برم‌برم" یان "هەڵاڵە برمە" ئەمە نابێ لەگەڵ "هەڵاڵە" (گوڵاڵە، گوڵاڵە سوورە) کە تەنیا گوڵی "لالە"یە تێکەڵ بکرێ. چونکە ئەمانە دوو گوڵی جیاوازن، یەکەمیان پیاڵەی گوڵەکانی سەرەوخوار (سەرنخون)ە و دووهەمیشیان قیت رادەوەستێ و رووی لە ئاسمانە و لە ئینگلیزیشدا بە شلێرە (لالە سرنگون) دەڵێن Crown imperial و بە هەڵاڵە کە هەمان لالەیە و لە فارسیشدا "لالە" یان "لالە الوان"ە، کە پێی دەڵێن Tulip. ئەم دوو گوڵەش چەندین جۆریتریان لێدەبێتەوە و ئێستا هەردووکیان هەم جۆری کێوی و خۆڕست و هەمیش جۆری پەروەدەکراویان هەیە.

© Kurdflora 2000 - 2023 in cooperation with Auriolus, contact
-