سک ساڕێژ یان چای کێوی گیایەکە لە تیرە "کڵازیاسەکان" (Clusiaceae) کە بە شێوەی خۆڕسک لە دەست و دەرەکانی کوردستاندا دەڕوێ. بەڵام بە شێوەیەکی زۆر و بەرچاو لە ئامریکا و ئوروپادا دەیچێنن و پەرەوەردەی دەکەن. کێوی شاهۆ و شاخەکانی دیکەی کوردسستان بە زۆری و بە شێوەی سرووشتی دەڕوێ. سک ساڕێژ گوڵێکی سپی یان زەرد دەکا و لەپۆپکەی چڵەکانیەوە بە کۆمەڵ خۆیان نیشان دەدەن کە بۆن و بەرامەیەکی خۆشیانن هەیە و بۆنی تایبەت بە خۆیان هەیە.
گیای سک ساڕێژ بە ناوەکەیدا دیارە کە بۆ دەرمان دەشێ و لە قەدیمەوە لە کۆمەڵگای خۆماندا بۆ دەرمان بەکاریان هێناوە لەوانە بۆ دەرمانی کوشتنی کرمی گەدە و ریخۆڵە و دەنگ نووستویی. هەروەها بۆ نەخۆشی کوزاز و پشت و مل ئێشە و دەرمانی خەمۆکی بەکار دێ. گەڵاکەی یان هاڕدراوی گەڵاکەی لەسەر برین دادەنێن ساڕێژی دەکا. گرینگترین ماددەی شیمیایی نێو گیای سک ساڕێژ هایپرین (Hyperin) و ماددەیەکی رەنگ سوورە بە ناوی هایپەریسین (Hypericin)ە.