گیایەکە لە بنەماڵەی Labiatae و گیایەکی بە پنچ و لاسکێکی هەیە کە گوڵێکی هێشووی سوور یان بەنەوش رەنگی پێوەیە. گەڵاکانی سەوزێکی تۆخی بۆن خۆشن، شێوازیان هێلکەیی و بچووک و بێ کورکن. گوڵەکانی تاکوو نزیکەی تەواو بوونی یەکەم مانگی هاوین دەژین. جۆری زۆرە و هێندیكیان لە چیاکانی زاگرۆس و چیاکانی کوردستاندا بە شێوەی خۆڕست دەڕوێن. بۆ زیاد کردن و چاندنی دەبێ سەلکە پیازەکەی بچێندرێ.
سۆسەمبەر لە مێژوودا هەمیشە وەک دەرمان بەکار هاتووە، لە هێندیک لە وڵاتانی ئوروپاییدا بە مەبەستی بەکارهێنانی لە دەرمانسازیدا بە سێوەیەکی بەربڵاو دەچێندرێ و پەروەردە دەکرێ. بۆ دەرمانی بەهێزکردنی کاری گەدە و ریخۆڵەکان و دڵ و دژی ژار و برینی چڵکن بەکار دێ، هەروەها رادەی میز دەباتە سەرێ و سووڕی مانگانی ژنان زیاد دەکا بەو واتایە کە دەبێتە هۆی دەستپێکردنی سووڕی مانگانە. بێجگە لەمانە بۆ ئێشی سینگ و نەخوەشیە بەڵغەمییەکان دەرمانە.
دێم کراوی سۆسەمبەر بۆ لابردنی نزگەرە و دڵ ئێشە و مێزچرکە و ورد کردنی بەردی میزڵدان و ئێش و ژانی منداڵدان زۆر باشە. شیافی تایبەتی لێ دروست دەکرێ کە بۆ خۆشبۆکردنی منداڵدان و رەحەم باشە. سەرەڕای هەموو ئەم چاکیانە بۆ سییەکان باش نیە هەر بۆیە دەبێ بە ئاگادارییەوە بەکار بێ. هەروەها خواردنی زۆر و بەردەوامی زیانهێنەر. بۆ دێم کردنی دەبێ ١٢ تا ١٦ گرەمی وشک کراوەکەی لە ١ لیتر ئاوی کوڵاودا بێ و دەبێ لەگەڵ قەند و شەکر تێکەڵ بکرێ. ئەگەر لەگەڵ هەنگوین تێکەڵی بکەن بۆ دەرمانی کۆئامرازی هەناسەکێشان و کۆکە و کۆکەی بەردەوام و گریپ و سەرماخواردووی و زوکام زۆر باشە. ماڵینی کوتراوەکەی و دانانی لەسەر ئەندام و شوێنی بە ئێش و ئازاری وەک نقرس، سیاتیک و رۆماتیسم دەبێتە هۆی نەمانی ژانەکەی.
به فرانسەوی Serpolet و Thym rouge و Thym batard پێدەڵێن.