گوڵی سمڵ، گیایه‌که له تیره‌ی "سوێسنیه‌کان" Liliacees، گه‌لآکانی درێژ و گوڵه‌کانی هێشوویی و به‌نه‌وشن، سه‌لکه‌که‌ی ده‌چێنن له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر گوڵ ده‌کات، گوڵفرۆشه‌کان له پێش نه‌ورۆزه‌وه ده‌یهێنه بازاڕ بۆ فرۆشتن. ئه‌م گیایه چه‌ندین جۆره و جۆرێکی دیه‌کی که به عه‌ره‌بی "سنبل الطیب"ی پێ ئێژن و ئه‌مه‌یان گیایه‌که خۆڕست و له شوێنی فێنکایی و لای چۆم و ئاودا ده‌ڕوێ و به‌رزیی ده‌گاته یه‌ک میتر و لاسکێکی ڕاستی هه‌یه و گه‌لآکانی ددانه‌دار و له دوولای لاسکه‌که‌وه و به‌رامبه‌ر یه‌کتر به لاسکه‌که‌وه‌ن، گوڵه‌کانیشی ڕه‌نگیان چه‌رموو و بۆنێکی خۆشیان هه‌یه، ڕیشووی ئه‌م گیایه بۆ ده‌رمان ده‌شێ و بۆ لله‌به‌ین بردنی بێ خه‌ونی و بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی میزی ئه‌و که‌سانه‌ی نه‌خۆشی شه‌کریان هه‌یه به شێوه‌ی گه‌رد یان حه‌ب و یان به دێم کراوی و وه‌ک شه‌ربه‌ت به‌کار دێ. چونکه پشیله زۆر حه‌زی له ڕیشووی ئه‌م گیایه ده‌کا، له هێنێ شوێن پێی ئه‌ڵێن گیا پشیله. جۆرێکی تری ئه‌م گیایه سمڵ خه‌تایی یه که گوڵه‌کانی به شێوه‌ی چه‌ترن و گه‌لآکانی بۆنێکی خۆشیان هه‌یه، له تۆم و ڕیشووه‌که‌ی عه‌تر ساز ده‌که‌ن، بۆیه له عه‌ترسازیدا زۆر به‌کاری دێنن. بێجگه له‌مانه‌ی سه‌رێ، سمڵی ڕۆمیش هه‌یه‌که له ده‌شت و چۆڵگه ده‌ڕوێ و گه‌لآی
درێژه و سه‌لک و لاسکێکی به‌هێزی هه‌یه، گه‌لآکانی زۆر بۆن خۆشن و گوڵه‌کانی وردن، سه‌لک و گوڵی ئه‌م گیاه‌ی بۆ ده‌رمان ده‌شێ.