Back
زەعفەرانە کێویلە
زەعفەرانە کێویلە 

زەعەفەرانی کێوی، زافەرانی کێوی، زافەرانی خۆڕست. گوڵیکی زۆر جوانە کە پاییزان دێر لە ژێر بەفر و سەرمادا دەڕوێ. لە کێوەکانی کوردستان بە زۆری لە شوێنە بەرزەکاندا بەرچاو دەکەوێ. زەعفەرانی کێوی لە تیرەی "سوێسنیەکان"ە و هەر وەک لە پێشدا ئیشارەی پێکرا لە شوێنی تەڕ و سارددا دەڕوێ. سەلکێکی بچووکی وەک پیوازی هەیە و باڵای لە ٢٠ و ٣٠ سم بەزە، پاییزێکی درەنگان گوڵیکی سپی یان بەنەوشی شەش پەڕەیی دەردەکا و لە بن بەفریشەوە بێ سەر دەردێنێ. گوڵێکی لوولەیی درێژی هەیە و تۆودانەکەی لە سەر سەلکەکۆیەتی. ئەگەر کەسێک بیهەوێ بیڕوێنێ و پەروەردەی بکا، دەبێ سلکەکەی بچێنێ. ئەم گیایە بۆ دەرمان دەشێ، بەڵام ئەگەر نەزانن چۆن بەکار دێ، زۆر زۆر ژەهراوی و کوشندەیە چوونکە ژەهرێکی بە ناوی کلشیسین تێدایە کە بۆ نەخۆشینەکانی دڵ بەکار دەبرێ. هەروەها دەڵێ دەرمانی باشە بۆ نقرس و بۆن کردنی گوڵەکەی لووت و کەپی گیراو دەکاتەوە و سەرئێشە کەم دەکاتەوە. ئەوانەش کە تووشی ئێش و ژانی رۆماتیسمن دەتوانن ئەم گیایە بەکار ببنە کە دەرمانی باشە، بەڵام دەبێ بۆیان بنوێنێ کە لێی بزانێ.
بە فارسی زعفران وحشی پێ دەڵێن.
سەیری زەعفەرانی بەفری و پیژۆک بکە.

© Kurdflora 2000 - 2023 in cooperation with Auriolus, contact
-