وڵاتی ئه‌سڵی زه‌یتوون ناوچه‌ی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیایه. چه‌ندین سه‌ده‌یه زه‌یتوون خوه‌راکی خه‌لکه و له‌گه‌ڵ کاروانیشدا بۆ وڵاتانی دوور و نزیکی رۆشتووه. ئه‌وه‌ی که سروشتیی نایه‌ته به‌رچاو ئه‌وه‌یه که زه‌یتوون ئه‌گه‌ر له داره‌که‌ی کرایه‌وه ناخورێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تامی زۆر تاڵه، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌م تامه تاڵه‌ی لێ بێته‌وه ده‌بێ وه‌ک ترشیات ڕایگرن. کڕین و فرۆشتنی ڕۆنی زه‌یتوون هه‌میشه بازاڕی هه‌بووه و له کۆندا پاشاکان ئه‌ندازه‌ی دارایی خۆیانیان له ڕووی ئه‌و گۆزه ڕۆنا زەیتوونانهوه ده‌پێوا که له ههمبارهکانیاندا هه‌یانبوو. له دووڕگه‌ی چووکه‌ی (کرت)دا ئاسه‌واری هه‌مباری ڕۆن زه‌یتوونیان دیوه‌ته‌وه که مێژووه‌که‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زار ساڵ پێش زایین. داری زه‌یتوون له هه‌موو وڵاتانی لێواری ده‌ریای مه‌دیته‌رانه‌دا ده‌ڕوێ. ته‌نانه‌ت ده‌ورانێک هه‌موو بیاوانه وشک و لماویهکانی ئافریقاش له بێشه‌ی دار زه‌یتوون داپۆشرابوون. ده‌گێڕنه‌وه که ده‌ورانێک مسافیره‌کان له مه‌که‌وه تاکوو مه‌راکیش له ژێر سێبه‌ری دار زه‌یتوون و خورما و هه‌نجیردا سه‌فه‌ریان کردووه. ئسپانۆلیهکان تۆ‌و و نه‌مامی زه‌یتوونیان له‌گه‌ڵ خۆیان گه‌یانده دنیایه‌کی نوێ و له سه‌ر شه‌قامه‌کانی نزیک ماڵه‌کانیان له کالیفورنیادا چاندنیان و هێنده‌ی پێنه‌چوو که ئه‌م تۆ‌و و نه‌مامانه‌ش له ئاو و هه‌وای وشکی کالیفرنیادا سه‌وز بوو و بڵاو بووه‌وه. ئێستاکه زه‌یتوون یه‌کێک له گرنگترین داهاتی ئه‌یاله‌تی کالیفورنیایه و زه‌یتوونی ئه‌م ئه‌یاله‌ته به‌شی هه‌موو (اتازونی) ده‌کا. به‌ڵام ئسپانیا و ئیتالیا دوو وڵاتن که هێشتاش گه‌وره‌ترین داهاتی زه‌یتوونی جیهانیان هه‌یه و داهاتی زه‌یتوونی کالیفورنیاش ته‌نیا له سه‌ددا نه‌وه‌دی زه‌یتوونی جیهان پێک دێنێ. داری زه‌یتوون یا به‌هۆی تۆمهکهیهوه یان به‌هۆی قه‌ڵه‌مه کردنه‌وه زیاد ده‌کا. ته‌مه‌نی دار زه‌یتوون زۆر زۆره، له باخه‌که‌ی (گاتزمان=Getthmane) له ناوچه‌ی (کوه زیتون)دا دارێکی زه‌یتوون هه‌یه که ته‌مه‌نی له دوو هه‌زار ساڵ زیاتره. هه‌ر چه‌ند قه‌دی داره‌که جارجار نوێ ده‌کرێنه‌وه به‌ڵام ڕیشووهکهیان هه‌ر ئه‌و ڕیشووه کۆنه‌یه که یه‌که‌م جار چه‌قێندراون، به‌ڵام جار‌و بار چه‌که‌ره ده‌کا که شوێنی لاسکه ڕزیوه‌کان ده‌گرنه‌وه.
سەچاوە: فه‌رهه‌نگی "بمن بگو چرا" به‌رگی چواره‌م، ل. ١٤٣ و ١٤٤.