BackAlmond, sweet almond
دار بادام

Latin: - Amygdalus communis - Prunus amygdalus
English: - Almond, sweet almond
دار بادام 

دار وام، دارێکە لە بنەماڵەی "گوڵ سووره‌کان" Rosaceae کە دارێکی ئاسییایی و لێوارەکانی خوارووی مەدیتەرانە و مەراکیشە. ئەم دارە قەوارەیەکی مامناوەنجی هەیە، گەڵاکانی نووک تیژ و لێوارەکانی ددانەدار و تا ١٠ سانتیمیتر درێژ و پانیەکەشیان ٢ تا ٣ سانتیمیتر دەبێ و رووی سەرەوەیان بێ کورکە، قنچکی گەڵاکەی ١ تا ٢ سانیمیترە. گوڵێکی سپی یان پەمەیی جوان دەردەکا کە گەورەییەکەی ٤ سانیمیتر دەبێ و لە سەرەتای بەهاردا دەپشوێن. بەرێک هێلکەیی دەگرێ بە ناوی بادام کە لەسەرەتادا پێی دەوترێ چەقالە و رەنگی سەوزێکی کاڵە و کوڵکنە و نێوەکەشی نەرمە و ئاوی تێدایە. بەڵام دوایە کە پێگەیشت پێستە سەوزەکەی دەگۆڕرێ و نێوەکەشی دەبێ بە پێشە و لە نێوەراستیشەوە ناوکێکی خۆشی هەیە کە ئەسڵی بادامەکەیە و بە هۆی ئەو پێشەیەوە دەپارێزێ.
داری بادام تا ٨ میتریش باڵا دەکا و لق و پۆی جوان و بێ کورکەبادامیش دوو جۆری تاڵ و شیرینی هەیە.
لە هێندیك کۆمەڵگادا داربادام بە دارێکی پیرۆز دەژمێردرێ. لە نێو ئایینی جولکەکاندا بە هۆی ئەوەی کە زوو گوڵدەکا، بە هێمای هوشیاربوونەوە و بەڵێندان دەژمیردرێ و بۆ میللەتی چین هێمای نەمری و جوانی ژنان دەژمێردرێ. لە لای مەسیحیەکان بە زۆری لە لق و پاپی ئەم دارە وەک سەمبولێک بۆ لەدایکبوونی مەسیح لە مەریەمی کچ کەڵک وەردەگیردرێ. هەرەوەها داری بادام بۆ فیرعەونەکانی میسر زۆر جێگای رێز بووە و لە کاتی دروست کردنی ناندا، دەنکی بادامیان لە نیو نانەکانی خۆیاندا بەکار هێناوە و زۆر حەزیان لێ کردووە. رۆمیەکان لە رێوڕەسمی شادی و زەماوەنددا بە نیشانەی خوشبەختی و بارداریی بووک و زاوا بادامیان بە دیاری پێداون، ئەم کارە هێشتا لە ولاتی ئیتالیادا باوە. وه‌ک له‌ دوو لە وێنه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێ، له‌ کوردستانی خۆشماندا داربادام به‌ دارێکی پیرۆز داده‌نرێ و زۆرتر له‌ نێو زیاره‌ته‌ڵان و گۆڕسانه‌کاندا ده‌ینێژن.
لەبەر ئەوە مەوادە کانی و رۆنەی کە لە بادامدا هەیە، هەمیشە وەک دەرمان کەڵی لێ وەرگیراوە.
سەیری بادام بکە.

© Kurdflora 2000 - 2023 in cooperation with Auriolus, contact
-