BackCowherb
جغجغک

Latin: - Vaccaria - Vaccaria hispanica (Mill.) Rauschert - V. pyramidata Medik - V. segetalis Asch - S. vaccaria L.
English: - Cowherb
جغجغک 

گیایەکی کوێستانەکانی کوردستان بەتایبەتی چیاکانی زاگرۆس و شاهۆ و هیترە کە لاسکەکەی قیت دەوەستێ و باڵای تاکوو ٥ دەسیمیتر بەرز دەبێ. گەڵاکانی شینێکی ئاماڵ سەوزن و نزیکەی ٦ سانیمیتر درێژن و یەک دوو سانتیمیتر پانن. گوڵەکانی پەموویی یە. جغجغک بە گوڵە کاڵە پەموویەکەیدا خێرا دەناسرێتەوە. ئەم گیایە تایبەتی ناوچەی مەدیتەرانەیە بەڵام بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٨٥دا لە خوارووی وڵاتی سوید بینراوە و تۆمار کراوە. بە شێوەی خۆڕسک دەڕوێ و بۆ دەرمان دەشی. لە لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە کە بۆ دەرمانی شێرپەنجە باشە.
دوکتور سەید محەممەد مەعسوومی ئەندامی کۆڕی زانستی زانستگەی کشت و کاڵی زانکۆی رازی لە کرماشان لە وتووێژێکدا لەسەر ئەم گوڵە دەڵێ: لەوە دەچێ لێکچوونێکی دەرمانی لە نێوان جغجغک و گیایەکیتر بە ناوی "ساپونر" (saponaria officinalis L.) هەبێ کە یەکێک لە رووەکە باشەکان بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا ناڕوێ. ئەو لەسەر کەڵک وەرگرتن لەم گیایە بۆ دەرمان زۆر بەداخە کە لە وڵاتی ئێمەدا کەڵکی لێ وەرناگیردرێ لە کاتێکدا لە وڵاتانیتردا بۆ دەرمان کەڵک لە بەشە جۆراوجۆرەکانی وەردەگیردرێ. لەسەر تایبەتمەندی ئەم گیایە لە بواری رووەکناسیەوە وتی: جغجغک گیایەکی زۆر جوانە و لاسکی بەرزی لە ٣٠ تا ٦٠ سانیتمیتری هەیە و گەڵاکانی ساکار و هێلکەیی و درێژن لە بەرامبەر یەکدا بە لاسکەکەوە روواون و نووکیان تیژە و هەروەها کاسەی گوڵەکەی ٥ قۆقزی سووچدار و هێڵ و خەتی بە رەنگی تاریکتریان لەسەرە. لەسەر شوێنی سەوزبوونی ئەم گیایە وتی مەزرا و دەشت و دەر و بەتایبەتی ئەو ئەرزانەی کە ئاهەکی یە. بەرەکەی تۆوێکەی بۆ دەرمان دەشێن و بە کوڵاوی بەکار دێ. ئەو هەروەها وتی: ژمارەیەکی زۆر لەم گیایانەی کە سەر بە تیرەی "گوڵ مێخەک"کانن لەبەر ئەوەی گوڵەی جوانیان هەیە و بۆنیان خۆشە پەروەردە دەکرێن و لەبەر هەبوونی "ساپۆنین" و مەوادیتر بۆ دەرمان بەکار دێن و بەتایبەتی بۆ پاک کردنەوەی خوێن و دەرمانی رۆماتیسم و نقرس و نەخۆشییەکانی بۆری میز و هیتر زۆر بەسوودە. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە جغجغک بۆ دەرمانی شێرپەنجە زۆر بەکەڵکە...
ناوی زانستیەکەی لە وشەی لاتینی Hispania (ئسپانیا)وە وەرگیراوە و مانای "لە ئیسپانیا"وە دەدا.
بە ئاڵمانی Kuhkraut یە.
بە سویدی پێی دەڵێن Åkernejlika.

© Kurdflora 2000 - 2023 in cooperation with Auriolus, contact
-