تایلە، تاوگ، تاوەک، تەیلە، تاووت، تەهوی، تاوی، تەیلێ دار تایلە، دارێکی زۆر گەورەی لێرەوارەکانی کوردستانە باڵای زیاتر لە ٢٠ میتر بەرز دەبێ و گەڵاکانی نووکتیژن. لە داری قزوان (قسقەوان) دەچێ، بەڵام ئەم بەرەکەی کە وەک قزوانە، لە جێگای ئەوەی سەوز بێ، لە کاتی پێگەیشتندا رەنگی زەردە. دار تالە هەر وەک داری گوێز و داری زەیتوون تەمەنێکی زۆر دەکا بە جۆرێک کە لە نێوان ٥٠٠ تا ٦٠٠ ساڵ دەژی. دەنکی بەرەکەی وەک قزاوان دەتووکێنن و تەسبێحی لێ دروست دەکەن. دەنگەکانی پێستێکی زۆر ناسکی زەرد و قاوەییان هەیە کە بۆن و خۆش و بەتامە و دەخورێ.
لە کوردەواریدا ئەو شوێنانەی ئەم دارانەی لێ دەڕوێ بە ناوی "تایلەکان"ەوە داو دەنرێن. لە پشت ئاوایی چرۆسانە لە بێڵەواری کامێراندا چەند دانە لەم دارە لە سەر بەرزایییەکەوەن کە خەڵکی ئەوی پێی دەڵێن "بان تایلەکان" یان "تایلەکان". هەر لە گەڕان لە شوێن ئەم دارە لە ئینتەرنێتدا ریگام کەوتە بڵاگێک بە ناوی "ئاوێنەی کوردستان" کەسێک بە ناوی "ایرج عبادی" لەسەر زیارەتەڵانێکی وێرانکراوی نزیک شاری سنە بە ناو "تایلە" کە کەوتووەتە باکووری ئەو شارەوە کە ئێستا بووەتە شوێنی لاوانی مەعتاد و سەرخوەشی ئەو شارەوە، وتارێکی دوور و درێژی نووسیوە کە بە خوێندەوەی هەموو مرۆڤێکی دڵسۆز و نەتەوەیی دەبێ بە گریانەوە کە چۆن لە جێگای پاراستنی ئەو شوێنە کۆن و دارە بەتەمەنانەن ناونووس کردنیان وەک بەرهەمی کولتوری ئەو وڵاتە، وێران کراون و لەبیر چوونەتەوە!