BackTomato, Love apple
ته‌ماته‌

Latin: - Solanum lycopersicum - Lycopersicon esculentum Mill.
English: - Tomato, Love apple
ته‌ماته‌ 

تۆماتێز، تماتێ، باینجانی سوور، گونە سوورە، باینجانی رۆمی، باینجانی فەرەنگی، بەری تەرزە تەماتەیە کە گیایەکی یەک و یان چەند سالەیە و سەر بە تیرەی "پەتاتەییەکان" (Solanaceae) کە میوەیەکی سوور و جوان و ئاودارە. تەرزەکەی سەوز و کوڵکنە و بەرزە و لەبەر قورس و گرانی تەماتەکان زۆر جوان لەسەر زەوی رادەکشێ، گوڵەکانیشی زەردن و نزیک یەک سانیمیتر گەورە دەبن. ئەم رووەکە لە سەرەتاوە لە خوارووی و ناوەندی ئامریکاوە پەیدا بووە و لە سەردەمی داگیرکاریەکانی ئسپانیا بە جیهاندا بلاو کراوەتەوە. ئێستاش لە هەموو جیهان پەروەردە دەکرێ و چەندین جۆر و فۆرمی دیکەشی لێ کەوتووەتەوە. تەماتە یەکێک لەو سەوزی و میوەجاتانەیە کە لە دوانیادا نزیک سێ میلیۆن هیکتار ئەرزی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە، بە جۆرێک یەک لە سێی هەموو ئەو شوێنەی کە بۆ تەڕەکاڵ و زەوزیجات تەرخان کراوە، دراوە بە تەماتە. تەماتە بە کاڵێ، کوڵاوی، سوورکراوەیی و بە دەیان شێوازیتر دروست دەکرێ و دەخورێ.
هەرچەندە لە زانستی گیاناسیدا تەماتە بە میوە دەژمێردرێ بەڵام زۆتر بە تەڕەباری دەزانن. لە بەر گرینگی لاینی باری ئابووری ئەم گیایە، لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کراوە و لە زانستی ژنیتیکیدا بە یەکێک لەو گیایانەیە کە وەک ئەڵگو ناسراوە. لەو لێکۆڵینەوانەدا کە کراون دەرکەتووە کە تەماتە لەسەرەتاوە بنەماڵەی تەماتە گیاگەلێکی خۆڕست بوون کە بەری چووکەی رەنگ سەوزیان گرتووە و لە ناوچە کوێستاینیەکانی "پیرۆ"وە هاتوون. ئەم گیایە جۆری زۆیر لە دەستەی Lycopersicon بووە، بەڵام جۆرێکیان بە ناوی Solanum lycopersicum گەیشتووەتە مکزیک و دوای ماوەیەک لەوێ بووە بە خەڵکی ئەوێ و لەوێ دەست بە پەروەردە کردنی کراوە.
مێژووی راست و دروستی پەروەردە کردنی تەماتە بۆ یەکەم جار هێشتا نەزانراوە. بەڵام لەوانەیە یەکەم جۆریی تەماتەیەکی رەنگ زەرد بووبێ کە تەماتەکانی بە قەد گیلاسێکە و بە هۆی "ئەزتکەکان"ەوە پەروەردە کرابێ. لەو نووسراوە کۆنانەدا کە ماوەتەوە دەردەکەوێ کە ئەم میوەیە لەگە بیەر و زەڕات و خوێدا ئامادە کراوە و خوراوە. تەماتە نزیکەی ٥٠٠ ساڵ پێش زایین لە خوارووی میکزیکەوە پەروەردە کراوە. دانیشتوانی پوئبلۆ لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەو کەسانەی دەنگ و تۆوی تەماتە دەخوەن، هێزێکی خوادایی تەبەڕکیان دەکا.
لەسەر گواستنەوەی تەماتە لە ئوروپاوە بە باقی شوێنەکانی جیهان بیروبۆچوونی جیاواز هەیە. هێندیك لە مێژووزانان لەسەر ئەو باوەڕەن کە "ئەرنان کورتس" داهێنەر و خوڵقێنەری ئیسپانیایی، دوای ئەوەی گیرانی شاری "ئنوکتیتلان" پێتەختی "ئازتکەکان" لە ساڵێ ١٥٢١دا، میوەیەکی زۆر چووکە و رەنگ زەردی ناردووە بۆ ئوروپا. بیروبۆچوونێکی دیکەش دەڵێ کە "کریستف کلۆمب" لە ساڵی ١٤٩٣دا یەکەم کەس بوو کە ئەم گیایە بردووە بۆ ئوروپا. کۆنترین بەڵگە لەسەر تەماتە لە ئوروپادا کتێبێکی گیا ناسییە کە لە ساڵی ١٥٤٤دا بە هۆی "پێترۆ ئاندرۆئا ماتیۆلی" پزیشک و گیاناسی ئیتالیایی نووسراوە. ئەو لە نووسینەکەی خۆیدا بە تەماتە دەڵێ pomo d’oro کە مانای سێوی تەڵایی دەدا.
دوای مانەوەی ئیسپانیاییەکان لە ئامریکانی لاتین، لە سەرەتای سەدەی شازدەهەمدا ئیسپانیایەکان لە "کارائیب"دا تەماتەیان بەسەر مسعمرەکانی خۆیاندا بڵاو کردووەتەوە. ئەوانیش لەوێوە گەیاندوویانەتە وڵاتانی ئوروپایی و فیلیپین و لەو رێگایەشەوە گەیشتووەتە ئاسیای شەرقی و لەوێشەوە بە تەواوی ئاسیادا بڵاو بووەتەوە. تەماتە زۆر بە هاسانی لە کەش و هەوای مەدیتەرانەییدا پێدەگا و هەر بۆیە لە ساڵی ١٥٤٠ دەست کراوە بە چاندن و پەروەردە کردنی.
یەکەم جار بە هۆی "پێترۆ ئاندۆئا ماتیولی" تەماتە لە ئوروپادا ناسرا و هەر لە سەرەتای هاتنەوە وەک میوەیەک بۆ خواردن و لێنان کەڵی لێ وەرگیراوە، لە سەرەتای سەدەی حەڤدەی زاینیەوە لە ئیسپانیا لە دروست کردنی خواردندا بەکار دەبرا. یەکەم کتێبی رێنوێنی چێشت لێنان کە پێکهاتووە لە شێوەی دروست کردن چێشت و خواردن بە تەماتە لە ساڵی ١٦٩٢دا لە ناپل نووسراوە. وا دێتە بەرچاو کە نووسەری ئەو کتێبە بۆ شێواز و شێوەی لێنانی ئەو چێشتانە کەڵکی لە سەرچاوەی ئسپانیایی وەگرتبێ. سەرەڕای ئەوەش لە هێندێک شوێنی وەک "فلورانس"دا تەماتە تەنیا بۆ شێوەی رازاندنەوە و دیکۆراسیۆنی بەکار دەبرا و تەنیا لە کۆتایی سەدەی حەڤدەهەم و سەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە بۆ خواردن کەڵی لێ وەرگیراوە.
تەماتە تەنیا لە ساڵی ١٥٩٠دا لە بریتانیا پەروەردە کرا. یەکێک لە هەوەڵین کەسانێک کە لەسەر چاندنی تەماتە نوویسویە، نەشتەرگەرێک بوو بە ناوی "جان جرارد" کە لە ساڵی ١٥٩٧دا کتێبی رووەکناسی بڵاو کردەوە، لەسەر بابەتێکی پێوەندیدا بە تەماتەوە دەدوێ، ئەو زانیوەیە کە تەماتە لە ئسپانیا و ئیتالیادا دەخورێ، سەرەڕای ئەوەش ئەو نووسی کە ئەم میوەیە ژەهراوییە. لە راستیشدا گیای تەماتە تۆزێکی زۆر کەم مادەی "توماتین"ی تێدایە کە جۆرێک لە "گلیلۆئالکوئید"ی ژاراوییە کە زۆر جێگای مەترسی نیە. هەر جۆرێک بێ بیروبۆچوونەکانی "جان جرارد" کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و خەڵکی دانا و هەربۆیە، لە لای بریتانیایەکان و ئەو ولاتانەنەی کە لە سەرووی ئامریکاوە مستعمرەی ئەمان بوون تەماتە بە خوەراکێکی نەباش و ناسالم دەژمێردرا.
لە نێوەڕاستی سەدەی هەجدەهەمدا، تەماتە بە شێوەیەکی گشتگر لە بریتانیادا دەخورا. لەم هەمان سەدەدا دانیشنامەی بریتانیکا لەسەر تەماتە نووسی کە بە شێوەی رۆژانە تەماتە لە دروست کردنی سۆپەکان و هەروەها بۆ تامی چێشت بەکار دەبرێ. لە دەورانی دەسەڵاتی ڤیکۆتۆریادا، رادەی پەروەردە کردنی تەماتە لە گوڵخانەکاندا گەیشتە راستی پیشەسازی.
باکوری ئامریکا. کۆنترین سەرچاوەی پێوەندیدار بە پەروەردە کردنی تەماتە لە باکوری ئامریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧١٠ی لە "کارولینا"ی خواروو. لەوانەیە ئەم گیایە لە رێگای "کارائیب"ەوە گەیشتبێتە باکوری ئامریکا. لە نێوەڕاستی هەمان سەدەدا هێندێک لە دانیشتووانی ئەوێ هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەدا بوون کە تەماتە ژەهراوییە و بە شێوەیەکی گشتی ئەم گیایە تەنیا بۆ رازندنەوە بوو تاکوو خواردن. "تۆماس جیفرسۆن" لە بنیاتنەرانی ئەیالەتی یەکگرتووی ئامریکا، هێندیك لە دەنگە تەماتانەی کە لە پاریس خواردبووی ناردبووەوە بۆ ئامریکا. کەش و هەوای لەباری هێندیک شوێنی وەک فلوریدا و کالیفۆرنیا، بە زۆری بوون بە شوێنی ناردە کردنی تەماتە. زانکۆی کالیفۆرنیا لە دیویس کراوە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکی و گرینگەکانی لێکۆڵێنەوە لەسەر پەرەوەردەی تەماتە.
تەماتە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە لە رۆژهەڵاتی نیوەڕاستدا بڵاو کراویەوە، هەر لە سەرەتاوە وەک تام و جێژی خواردن و لێنانی چێشت بەکار هاتووە. تەماتە و شەتڵە تەماتە بە دوو رێگەوە هاتووەتە ئێران، یەکەم لە رێگای تورکیە و ئەرمەنستانەوە و دووهەم لە رێگای سەفەرەکانی بنەماڵەی قاخارەوە بۆ فەرانسە. لە سەرەتادا پێیان وتووە باینجانی ئەرمەنی یان باینجانی رۆمی.
ناوە زانستییەکەی لە وشەی لاتینی "esca"(چیشت)ەوە وەرگیراوە. ناوی "تەماتە"ش لە ناوی "tomate"ی ئیسپانیاییەوە وەرگیراوە کە ئەویش لە وشەی "tomatl"ەوە وەرگیراوە کە لە زمانی سوورپێستەکانی ئامریکادا "nauhatls" مانای "چێشت" دەدا.
تەماتە میوەیە یان سەوزە. لە بواری رووەکناسیدا تەماتە بە میوە دەژمێردرێ. بەم حاڵەش لەبەر ئەوە رادەی شەکر و شیرینی تەماتە لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ میوەکانیتردا، زۆر کەمە و زۆرتر لە سالاد و چێشتدا کەڵی لێ وەردەگیردرێ و نەک وەک دێسر و خواردنی دوای چێشت. لەبەر ئەوەش هەمیشە لە چێشخانەکاندا وەک زەوزی دەناسرێ نەک میوە. ئەم دوو دڵێیەش تەنیا لەسەر تەماتە نیە و ژمارەیەکیتریشیان دەگرێتەوە کە لەوانە باینجان، تروزی، کولەکە میوەن. ئەم دوو دڵیی و شک و گومانە ساڵی ١٨٨٧ بوو بە هۆی باسێکی گەورەی یاسایی. لەو ساڵەشدا یاساکانی ئەو وڵاتە بۆ تەڕەبار نرخی گومریک دیاری دەکا (نەک میوە) بەم جۆرە پێگە و رێگەی تەماتە لەو وڵاتەدا گرینگییەکی یاسایی بە خۆیەوە گرت. دیوانی باڵای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە لە رۆژی ١٠ی مانگی مەی ساڵی ١٨٩٣دا لەسەر بنەمای ئەوەی کە زۆربەی خەڵک تەماتە بە تەڕەبار دەزانن و بۆ کەڵک وەرگرتن پراکتیک و کردەوە بە تەڕەباری دەژمیرین، رایگەیان کە تەماتە سەر بە تەڕەبارەکانە. ئەمەش تەنیا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی گومریک بوو هەر بۆیە ئەو تاریفەی یاسای گومریک نەبوو بە هۆی ئەوەی کە لە بواری رووەکناسیشدا تەماتە لە ریزی میوەکاندا لابرێ و لەو بەشەدا هەر وەک خۆی مایەوە.
قورسترین تەماتە کێشێکی بەرامبەر بە ٣،٥١ کیلوی هەبووە کە لە ساڵی ١٩٨٦دا لە "ئوکلاهوما" پەروەردە کرابوو. درێژترین تەرزی تەماتەش کە ١٩،٨ میتر درێژ بوو، سالی ٢٠٠٠ لە بریتانیادا ریکۆردی شکاند و تۆمار کرا.
دار تەماتە گەورەکەی سەیرانگای جیهانی والت دیزنی لە فلوریدا. تەرزە گیای تەماتە لە والت دیزنی فلورید، لەوانەیە گەورەترین تەرزە تەماتەی دونیا بێ و بەرهەم هێنەری ٣٢ هەزار تەماتەیە کە هەموویان پێکەوە ٥٢٢ کیلو کێشیان هەیە کە لە نێو ریکۆردەکانی جیانی گینسدا تۆمار کراوە. هەر تەرزێکی ئەم تەماتە بە جارێک و هاوکات هەزاران تەماتە دەگرن کە لە رەستورانەکانی ئەو پارکەدا بۆ خواردن بە کار دێن.
تەماتە پڕە لە فیتامی C و لیکوپین.
بە ئاڵمانی پێیدەڵێن Tomate.
بە سویدی پێی دەڵێن Tomat.

© Kurdflora 2000 - 2023 in cooperation with Auriolus, contact
-