دوودڕک، تویڕک، تووڕک، توورک، ترشیک، توتیلک (لە جۆلەمێرگ توتیلکی پێ دەڵێن) دوودلقیی، دیریک (Dirî) دووتووڕک بنچکێکە سەر بە تیرەی "گوڵسوورەکان" (Rosaceae). تووتڕک بەری بچکێکی خۆرستە کە لە شاتوو یان تووفەرەنگی دەچی و بە رەنگی زەرد یان سووری مەیلەو رەش دەست دەکەوێ. تۆزێک تامی ترش و شیرینە و بە کاڵی و بە کوڵاوی و لە نێو شەربتیشدا دەکرێ بە کومپوت. بچکەکەشی لە شوێنە تەڕ و گەرەمەکاندا لە نێو دارستان و جارجارەش لە بیاواندا دەڕوێ. لاسکەکەشی نەرم و رەنگی سوورە و دڕکاوییە. گەڵاکانی جۆراوجۆر و هێلکەیین و لیوارەکانیشیان ددانەدارە. گوڵەکانی رەنگیان سپی، پەمەیی و بە کۆمەڵن و دووهەمین مانگی هاوین تاکوو دوو مانگ دواتر بەرەکەی پێ دەگا.
لەبەر ئەو مەوادە کانیانەی کە لە تووڕکدا هەیە باشترین دەرمانە بۆ پلاسمای خوێن و جگەر.
چەند جۆرە تووڕکی بەناوبانگ هەن کە ئەمانەن:
١ـ Theodor reimer یەکێک لە پڕ بەرهەمترین جۆرەکانی تووڕکە.
٢ـ Wilson لە هەموو جۆرەکانیتر زووتر پێ دەگا.
٣ـ Mammouth ئەم جۆرەیان نزیکەی ١٥ رۆژ دوای جۆری ویڵسۆن پێدەگا.