وی، دارێکی بێ به‌ری پڕ گه‌ڵا و لق و پۆی یه له تیره‌ی "بی یه‌کان" Salicinées، لقه‌کانی ڕاست و درێژن، گه‌ڵاکانی درێژ و ساکارن، زۆرتر له جێی ته‌ڕایی و گوێی چۆم و ڕووباردا ئه‌ڕوێ، بۆ خۆشی ئه‌ڕوێ و دهشینێژن، داره‌که‌ی باش نییه و زوو ده‌ڕزێ، له داری بی ته‌خته دروست ئه‌که‌ن. ژنان له لادێکانی کوردستان دا به گه‌ڵای داربی سه‌ریان ده‌شۆرن و له‌و باوه‌ڕه‌دان که مووی سه‌ریان به‌هێز ده‌بێ. دار بی پێش ئه‌وه‌ی گه‌ڵا بکا شتێک ده‌ر ده‌کا که پێی ده‌ڵێن "چرۆ" و خه‌ڵک به ناسکی ده‌یخۆن. له تۆکڵی داربیشدا مه‌وادێک به ناوی "Salicine هه‌یه که ده‌رمانی باشه بۆ بڕینی یاو (چوونه سه‌ری پله‌ی له‌ش) و وه‌ک حه‌ب و شه‌ربه‌ت بۆ خواردن هه‌یه. گه‌ڵای بی ده‌رمانی باشه دژی سکچوون، ڕۆماتیسم و سه‌رمابردوویی. دار بی جۆری زۆره و یه‌کێ له جۆره خراپه‌کانی "کۆڵه‌بی" یه. له جۆره‌کانی دیکه‌شی زۆر مه‌وادی دیکه ده‌گرن که بۆ ده‌رمان ده‌شێ. ئه‌مه‌ش چه‌ند جۆر دار بی: کۆڵه‌بی، شۆڕه‌بی که له هه‌موو جۆره‌کانیتری دار بی شۆخ و شه‌نگتره و شینهبی یان شه‌نگه بی. ئه‌ڵێن ئه‌م داره ٢٥٠ جۆری هه‌یه و به نه‌مامی زۆر زوو هه‌ڵده‌چێ و به‌رز ئه‌بێ، به جۆرێک که له ساڵدا ٢ میتر باڵا ئه‌کا. داربی ته‌نیا له ئێران‌دا ١٣ جۆری ده‌ڕوێ که دوو جۆری به ناوه‌کانی "بید مشک" و "بید مجنون" له‌وانیتر ناسراوترن. ئه‌مه‌ش چه‌ند جۆر بی:
١ـ S.babylonica، ئه‌م جۆره‌یان هه‌وه‌ڵ جار له ئاسیاوه گه‌یشته وڵاتانی ئوروپایی و پێیان وابوو که ئه‌مه هه‌ر له‌و دار بییانهی لێواری چۆمی بابلیۆنه که جوله‌که‌کان دوای سروده دینیه‌کان چه‌نگ (ئامرازێکی موزک)کانیان پێوه هه‌ڵده‌واسین (Psalm 137)، به‌ڵام ئێستا ئه‌ڵێن له بنه‌ڕه‌ته‌وه له چینه‌وه هاتووه.
٢ـ S. persica, S. carmanisa، ئه‌مه‌یان به ناوی ئێرانه‌وه ناو نراوه.
٣ـ S. purpurea، له هێندێک ناوچه‌ی کوردستاندا به‌م جۆره‌یان ده‌ڵێن "په‌له‌بی".
٤ـ S. alba، ئه‌میان شۆڕه بی یه که به‌رزیه‌که‌ی ده‌گاته ١٥ میتر، گه‌ڵای باریک و نووک تیژه و لقه‌کانی داشۆڕاون. به فه‌رانسه‌یی Saule de levant, Saule parassole, Saule Pleureur و به ئینگلیسیش Weepimg willow و چه‌ند ناوی دیکه‌شی هه‌یه، که پێویست ناکا لێره‌دا بنووسرێن.
٥ـ S. elbursensis، ئه‌م جۆره دار بییه ئه‌لبورزی یان سووره بی یه که دارێکی به‌رزه، پایز گه‌ڵاکانی به سوورێکی ئه‌رخه‌وانی ده‌ردێن، گه‌ڵاکانی هێلکه‌یی و نووک تیژن و ڕووه‌که‌یان سه‌وزێکی ئاماڵ شین و له ژێره‌وه که‌م ڕه‌نگ یان چه‌رموون، درێژییان له ٤ تا ١٢ سم و پاینهکهیان له ٥ میلم تا ٢ سم ئه‌بێ.
به فه‌رانسه‌یی Osier rouge, Verdian, Osier des tonneliers و به ئیگیلسی Pureple osier, Rose willow, Purple willow و Bitter willowی پێده‌ڵێن.
٦ـ S. excela، ڕه‌شه بی، باڵای تا ٢٥ میتر به‌رز ده‌بێ.
٧ـ S. triandra، باڵای ئه‌گاته ٥ میتر و گه‌ڵاکانی ڕه‌نگیان سه‌وزێکی تۆخه.
٨ـ Salix Triandra، فشفشه، له کتێبی (معارف گیاهی) به‌رگی چواره‌م لاپه‌ڕه‌ی ٢٦٨ دا ده‌ڵێ: له کوردستاندا به‌م داره ده‌ڵێن "فشفشه" یان "دارفشفشه". به فه‌رانسه‌یی Saule amandierی پێده‌ڵێن.
٩ـ Salix acmophylla Boiss، زه‌رده‌بی، بیهزهرده، جۆره داربی یه‌که لقه‌کانی جار و بار شۆڕ بوونه‌ته‌وه. گه‌ڵاکانی باریک و نووک تیژن.
ویکۆڵ وه‌ی وه‌کۆڵ، په‌ی زه‌ردیان ده‌رد
ماساو به سه‌راو ڕێزان، هه‌زاران که‌رد
"مه‌وله‌وی تاوه‌گۆزی"