باوی، به‌هیڤ، باام، چواله، چهقالهبادام، بایم، بایەم، بادامه تاڵه، باڤی، بادم، ئه‌م ناوه له وشه‌ی یۆنانیی Amygdal له‌وه هاتووه، ئه‌ڵێن ئه‌میش له وشه‌ی Ahl-mygdaldی سوریهیی که مانای (دارێکی جان) ده‌دات هاتووه. بادام دارێکه له تیره‌ی "گوڵ سووره‌کان" Rosacées، که سه‌رده‌سته‌ی "بادامییهکان" Amygdalées نه. دارێکی گه‌ڵا درێژ و باریکه، گه‌ڵا و گوڵی ئه‌م داره وه‌ک گه‌ڵا و گوڵی دار قۆخ وایه. به‌رزی دار بادام له ٦ تاکوو ٨ میتر ده‌بێ. گوڵه‌کانی شێش له سه‌وز بوونی گه‌ڵاکانی خونچه ئه‌که‌ن، جامی هه‌ر گوڵێک ٥ په‌ڕه‌یه و هه‌ر گوڵێک ٢٥ تاکوو ٣٠ نێرتکی هه‌یه. به‌رێ ئه‌گرێ که له پێشدا نه‌رم و ڕه‌نگ سه‌وزه، که پێی ئه‌ڵێن چه‌قاله بادام و تۆکڵێکی ناسکی مه‌خمه‌ڵی سه‌وزی پێوه‌یه، به‌ڵام که پێگه‌یشت وه‌ک گوێز ڕه‌ق ئه‌بێ و تۆکڵه سه‌وزه‌که‌ی داده‌خا و هه‌ر پێسته به‌ردینه‌که‌ی ده‌مێنێ. جۆرێکیان که خۆر ڕه‌ق نابن و زوو ده‌شکێن، پێیان ده‌ڵێن "کاغه‌زی". ناوکه بادامیش به دوو جۆری تاڵ و شیرین هه‌یه، ده‌نکی وایه له جیاتی ناوکێ، دوو ناکی تێدایه، جۆره شیرینه‌که‌ی هه‌ر به چهقالهیی خوێی ده‌که‌ن و ده‌یخۆن، که ڕه‌قیش بوو دوای ئه‌وه‌ی که له تۆکڵه ڕه‌قه‌که‌ی ده‌رهات ئه‌خورێ یان دیبرژێنن و ده‌یخۆن و یان ڕۆنی لێ ئه‌گرن، که له سه‌د دا په‌نجای ڕۆنه، ڕۆنه‌که‌شی بۆ ده‌رمان ئه‌شێ و بۆ ساز کردنی سابوونیش به‌کاری دێنن. بادام ڤیتامینی A، B، و Calciumی تێدایه و زۆر به هێزه، ڕۆنی بادام سک وه‌کات ئه‌خا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پانزده یاکوو شه‌ست گره‌م به‌کار ئه‌به‌ن و بۆ منداڵ هه‌ر چه‌ند ته‌مه‌نی له خواره‌وه بێ ئه‌وه‌نده که‌متر به‌کاری ئه‌به‌ن. بادامی تاڵ خراپه و خواردنی ده ده‌نک ڕه‌نگه منداڵێک بکوژێ، له‌و ڕاده‌یه زۆرتریش بۆ گهرهساڵان خراپه. ئه‌و شوێنانه‌ی که بادامی زۆری لێ ده‌ڕوێ پێی ده‌ڵێن "بادهمسان". بادام له‌و ناوکانهیه که له‌شی مرۆڤ ده‌توانێ دژکرده‌وه (حه‌ساسیه‌ت)ی په‌یدا بکا، ئه‌و که‌سانه‌ش ئه‌گه‌ر زۆری بخۆن، تووشی هه‌ناسه ته‌نگی ده‌بن و ڕه‌نگه پێیشی بمرن. بادام چه‌ندین جۆری هه‌یه که له کوردستاندا ده‌ست ده‌که‌ون، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ک دارێکی پیرۆز چاوی لێ ده‌کرێ، به‌داخه‌وه له زۆر شوێنی کوردستاندا ته‌نیا له سه‌ر گۆڕستانه‌کان ده‌چێندرێ. داری بادام له ئێران‌دا ٢٠ جۆری گه‌وره و چووکه‌ی هه‌یه. بادامی شیرین یه‌کێکه له‌وانه که له باری بازرگانیه‌وه گرنگێکی زۆری هه‌یه. بێجگه له ئێران له باکووری ئافریقا، دووڕگه‌کانی باڵکان، باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاناتۆلی، قه‌فقاز، سوریه، عێراق، لبنان، افغانستان، تورکمه‌نستان و ناوه‌ندی ئاسیا دا ده‌ڕوێ.
به فه‌رانسه‌یی پێی ده‌ڵێن Amandie.