BackMillet, Panicum
هەرزن

Latin: - Panicum miliaceum
English: - Millet, Panicum
هەرزن 

هەرزن یان گلێنە یەکێک لە دانەوێلەکانی سەر بە بنەماڵەی Gramineaeکە گیایەکە هێشوویی و رەنگ سوور و دەنکەکانی هێلکەیین و لە زۆر شوێندا دەچێندرێ کە یەکێک لەو شوێنانە کوردستانە و لە هێندیک ناوچەی کوردەواری خۆماندا پێی دەڵێن گلێنە و زۆرتر وەک خواردن بۆ مەڕ و ماڵات و باڵندە بەکار دێ. بەرەکەی هێشووییە و رەنگی دانەکانی زەرد، سپی و یان سوور و قاوەیین، دەکرێ بڵێین وەک دەنگی زەڕاتە بەڵام ئەم لە قەوارەدا زۆر گچکەترە، هەربۆیەش لە هێندیک ناوچەدا بە زەڕات دەڵێن "هەرزنە گەورە". گەڵاکانیشی پان و بێ کورکن و دەنکەکانیشی لە نێو کیلاندان و لق و چڵەکانیشی پرسێکی وەک پرزی زەراتیان پێوەیە. هەر وەک لە پێشدا ئیشارەمان پێکرد، هەرزن زۆرتر دانەوێڵەی مەڕ و ماڵات و باڵندەی وەک کۆتر و مریش و پەلەوەری ماڵییە، بەڵام لە هێندێک وڵاتدا وەک برینج لێی دەنن و خواردنی لێ ساز دەکەن. لەبەر ئەوەی جۆرێک ماتریکس پرۆتئینی تێدایە، دەتوانێ لەبەر تیشکی هەتاوەوە رەنگەکەی بگۆڕدرێ. لە بواری مەوادی پرۆتئیندارەوە زۆر دەوڵەمەندە و ماددەی کانی تێدایە، بە برژاوی بۆ پێگەییشتنی منداڵان زۆر باش و بەکەڵکە. لە ئەبوڕەیحانەوە دەگێڕنەوە کە لە کتێبی "صیدنە"دایە و بە پێی ئەو گێڕانەوەیە کە لە پێشینیانی کوردەوە لە نێو خەڵکی کورددا لەسەر ئەم گیایە باس دەکرێ، لە بەسەرهات و چیرۆکەکەدا خودای "گێڵ" یان "گاڵ" کاتێک بە پێی بەردەنووسراوەیەک کە کێوەکانی نزیک قەرەداغ لە ئاشورییەکانەوە ماوەتەوە، لە نێو گۆتیەکانەوە بەرەو ئاسمان هەڵفڕیوە و ئیتر نەگەڕاوەتەوە، هەر بۆیە خودای (EA) "ئەذا" ئەوەندە لە دووری ئەو گریا بینایی چاوەکانی لەدەست دا و خودای "میکرۆڵ یان خودای "بادخەبەر" هەواڵەکەی بردووە بۆ لای خودای "گڵێن یان گاڵ" و یان "گەوێڵ"، ئەویش بۆ ئەوەی بینایی بۆ بگەڕێنێتەوە ئەم گیایە بۆ ناردووە کە بیخوا و بە هۆی خودای ئیلاهە "ea" دیسانەوە بیناییەکەی خۆی بەدەست هێنایەوە، هەر بۆیە ئێستاش لە زمانی کوردیدا بە دانەی ئەم گیایە دەڵێن "گلێنە" واتە هدیەی خودای گاڵ، هەروەها "گلێنە" لە راستیدا بیلبیلەی چاوە.
P.Turgidum، P.Maximumئەمەش دوو جۆری ناسراوی ئەم گیایە یە

تێبینی: وشەی "ئەذا" کە پیتی "ذ" دەنگێکی نێوان دال و گافی هەیە، لە هەورامیدا مانای "دایک" دەدا.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەو حەدەش نەگا پووڵ خۆشەویستی
بڵێن ناوەرێ هەرزن لە دەســــــــــتی

© Kurdflora 2000 - 2017 in cooperation with Auriolus, contact
-