Back Annual Mercury
ماران گاز

Latin: - Mercurialis annua L.
English: - Annual Mercury
ماران گاز 

گیایەکە لە بنەماڵەی Euphurbiaceae. مارانگاز گیایەکی بە بنچە و گوڵی زەرد و سەوزی هەیە و باڵای لە ٤٠ تا ٥٠ سانیتیمیتر بەرد دەبێ. شیرێکی سپی بە ناوی لاتکسی لێ دێ کە دەبێتە هۆی هەستیاری و هەڵمسانی پێستی لەش. خواردنی بەر و یان شیرەکەی دەبنە هۆی رشانەوە و سکچوونێکی توند. زۆرتر لە شوێنی رەقەلان دەڕوێ و لە ناوچەی ژاوەرۆ، جوانڕۆ و مەریواندا دەڕوێ و بۆنێکی پیسی لێ دێ. ئەم گیانە لەسەر دوو بنچی جیاواز دەڕوێ کە یەکیان بنچی نێرە و ئەویتر بنچی مێیەی گیاکەیە.
لە کتێبەکەی بەڕێز ئەمیر ئەمینی بە ناوی "فرهنگ گیاهان دارویی" لە لاپەڕەی ١٣٣دا نووسراوە: "خەڵکی هەورامان لەو باوەڕەدان کە شیلەی ئەم گیاییە بە تیری چێویندا بسوێ و لە نێو ئاوی پەیندا بمێندرێتەوە، ژەهرەکەی چەند بەرامبەر زیاد دەکا و ئەگەر لەم تیرانە لە کەسێک بدرێ، یەکڕاست گیانی لێ دەستێنێ. تەنانەت ئەگەر شیری ئەم گیایە لە شوێنی پێوەدانی دووپشک بدرێ، ساڕێژی دەکا، لەبەر ئەوە دەبێتە هۆی لە نێو بردنی ژەهرەکە."
ناوە لاتینیەکەی ئەم گیایە لە "annus"ەوە هاتووە کە مانای "ساڵ" دەدا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە گیاکە سالێک تەمەن دەکا.
نەمر سەید عەلی ئەسغەر کوردستان لە هۆنراوەی گورانییەکیدا دەڵێ:
"هەر کەسێ هات و وتی من ئاشقم بڕوا مەکە
تا لەسەر گۆنای نیشانەی زەخمێکی ماران گاز نەبێ"
بە فارسی پێی دەڵێن: گیاە جیوە،
بە سوێدیش پێی دەڵێن: Grenbingel
بە ئاڵمانیش پێی دەڵێن: Einjähriges Bingelkraut

© Kurdflora 2000 - 2017 in cooperation with Auriolus, contact
-