BackBlack gram, Mung bean
ماش

Latin: - Phaseolus mungo - Ervum pisiformis - Vigna radiata - Phaseolus aureus Roxb
English: - Black gram, Mung bean
ماش 

ماشە، رووکێکە لە تیرەی Leguminoseae کە باڵای لە ٤٠ تا ٧٠ سانتیمیتر بەرز دەبێ، لاسکێکی سووچداری هەیە و گەڵاکانی پێکهاتوون لە کۆمەڵە گەڵایەکی چووکەتر کە ژمارەیان لە ٤ تا ٧ دانەن. ماش زۆر حەزی لە هەڵچوون و پێچخواردن بە دەوری دار و گیای دەورووبەریدایە بۆیە ئەوەی لە نزیکەوە بێ خۆیی پێدا هەڵدەپێچێ و پێدا دەڕواتە سەرەوە. گوڵەکانیشی رەنگیان بەوشە و زۆر جوانن. ماش بە رەنگەکانی قاوەیی، خوەڵەمێشی، رەش، سەوز و هیتر هەیە. لە دەشت و دەر و بناری کوێستانەکانی کوردستاندا جۆرێک لە ماشی خۆڕست دەڕوێ. هێندیک جۆری ماش تامیان تاڵە بۆ ئەوەی ئەو تامە تاڵەیان بڕەوێتەوە دەبێ لانی کەم شەو و رۆژێک پێش بەکارهێنانی لە ئاودا بمێنێتەوە. لەبەر ئەوە لە بن گەڵای رووەکی ماشدا شکر هەیە، مێش هەنگوێن زۆری حەز لێ دەکەن و لێی دەهاڵێن.
ماش لەبەر باری دەوڵەمەندی مەوادی کانی و جۆرەکانی ڤیتامین، ئاسن، مس و هیتر بۆ بەهێز کردنی خوێنی لەشە زۆر باشە و هەروەها ئێسکەکان سفتتر و خۆڕاگرتر دەکا. لەبەر ئەوەی کلسیۆمی تێدایە بۆ خوێن زیاد دەکا و سوودی پێدەگەیەنێ. لەبەر ئەوەی ڤیتامین K تێدایە بۆ خوێنڕێژی باشە و بەرگری لێ دەکا. لەبەر ئەوەی ڤیتامینەکانی A و B تێدایە بۆ ئەوانەی کە خۆیان کز دەکەن زۆر باشە لەبەر ئەوەی تێریان دەکا و بۆ قەڵەوبوونیش جێگای مەترسی نیە. خوساندنی ماش لە نێو سرکەدا و خواردنەوەی سرکەکە لە بەیانیاندا بە سکی خاڵی دەتوانی پەڵەکانی سەر پێستی لەش لابەرێ. دیارە دەبێ ئەم کارە بۆ ماوەی ٥ رۆژ ئەنجام بدرێ. هەروەها لەبەر ئەو هەموو مەوادە باشە کە هەیەتی بۆ لەش و بەتایبەتی بۆ بەهێزکردنەوەی بینایی زۆر بە سوودە.
لە هێندێک سەرچاوەدا ئەم گیایە سەر بە تیرەی فاسۆلیاکان (Fabaceae) و لە دەستەی فاسۆلیا (Fabales) زانراوە.
هەرچەند ئەم رووەکە لە سەرەتادا لە وڵاتی خۆمان و دەوروبەردا سەری هەڵداوە و بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە بەڵام بەداخەوە بەرە بەرە دەبێ بە دانەوێڵەیەکی لەبیر کراو. لە کوردەوای خۆماندا قەدیم خواردنی خوەشیان پێ دروست کردووە و یەکێک لەوانە چێشتی "تەڕەماش" بووە. بەڵام دواتر بە پەیدا بوونی دانەوێڵەی دیکە بەداخەوە بەرە بەرە واز لەم خواردنە بەسوودە هێنراوە و ئێستا زیاتر دەیدەن بە گاجووت و ئاژەڵەی پەروار و هێندێک باڵندە و پەلەوەر. لە ئێراندا چەندین خواردنی پێ دروست دەکەن و لەگەڵ شتی دیکەی وەک کوولەکە و لە هێندیک چێشتی دیکەشدا لەگەڵ برینج و لەگەڵ کۆشتی قیمە تێکەڵی دەکەن بە چێشتی وەک "ماش پلو"، "آش ماش" و "قلیەی کدو با ماش" و هیتر.
لەبەر ئەوە لە کۆمەڵگای هەژاری پێشووی خوەماندا ئەم خواردنە زۆر باوە بووە لە کاتی لێنانیدا هیچیان نەبووە تێیکەن و تەنیا پیازداخیان بۆ کردووە و وەک "تەڕەماش" خواردوویانە. بەڵام ئەگەر بە تام و چیژەوە دروست بکرێ جۆری خواردنی ماش زۆرە کە ئەمە جۆرێک چێشتی "تەڕەماش" ی خۆشترە کە چێشتێکی زۆر کۆنی کوردەوارییە:
گوشتی قیمە ................................ ٢٥٠ گرەم
پیازی رەندە کراو .................... نیوە پەرداخێک
ماش ......................................... ٢٥٠ گرەم
نیسک ....................................... ١٠٠ گرەم
پیازی سوورۆ کراو........................... ١ پەرداخ
برنج ......................................... نیو پەرداخ
جەعفەری و گشنیزی ورد کراو ............ ٢٥٠ گرەم
زەردەچێوە، خوێ و فلفل ....... بە دڵخوازی خوەتان
شیوەی لێنان :
لە پێشدا نیسک و ماشەکە بە جوانی بشۆنەوە و دوایە بیانکوڵێنن. کۆشتە قیمەکە لەگەڵ پیازە رەندەکراوەکە، خوێ، فلفل و زەردەچێوەکەدا تێکەڵ بکەن و بیانشێلن بەیەکدا و دوایە بەیانکەن بە کفتەی چووکە چووکە و بە لەسەرەخۆی لە نوێ نیسک و ماشەکەی بکەن کە خەریکن لە ئاوەکەدا دەکوێن. دوای ئەوەی ئامادە بوو یان نزیک بە ئامادە بوونیان پیازەکە سووردەکەنەوە و دیکەن بە سەریا. کاتێک تەڕەماشەکە لە قاپ دەکەن دەتوانن بە نەعنا و پیازی سورۆکراو بۆ دیکۆر بیڕازێننەوە، ئەگەریش نەتانویست ئەوە هەر دەبێ.

© Kurdflora 2000 - 2017 in cooperation with Auriolus, contact
-