BackCaryophyllus aromaticus
مێخه‌ک

Latin: - Caryophyllus aromaticus
مێخه‌ک 

مێخەک، گوڵە مێخەک یان مێخەک و مێخەکە لە راستی دا بەری دار مێخەکە کە هی ناوچەی دووڕگەی ئندۆنزی و ئەقیانووسیەیە و لەبەری جوانی و بۆن و دەرمان ئێستا ئیتر لە زۆر شوێنی جیهاندا دەیڕوێنن و ئەم خۆنچە وشک کراوانەی دار مێخەک کە بە مێخەک ناسراون لە دوو هەزار ساڵ لەمەوەبەرەوە کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. بەڵام لەو ناچانانەی کە ساردە دەبێ لە نێو ماڵی تایبەتی و گوڵخانەدا پەروەردە بکرێ. لەوەتا دارمێخەک هەیە بۆ دەرمان و بۆ خۆش کردنی تامی چێشت و خواردەمەنی بەکاری دێنن.
دار مێخەک دارێکی بچکەلانەیە و گەڵاکانی هەرگیز زەرد نابن و لە سەرتاسەری ساڵدا سەوزە. باڵای تاکوو ١٠ میتر بەرز دەبێ. گەڵاکانی هێلکەیی و نووک تیژن و قنچکەکەی سوورە و ئەم رەگە سووری هەموو قنچکە گەڵایانە جوانییەکی زۆر تایبەتی دەدا بەم دارە.
گوڵە مێخەک بچووکە و بە هێشووی ١٠ تاکوو ٢٥ گوڵ پێکەوەن. ئەم ناوەشی بۆیە بەسەردا بڕاوە کە خونچە وشک کراوەکانی کە نزیک سانتیمیترێک درێژن، شێوازی "میخ" (بزماری چووکە) دەدەن. خونچەکانیشی پێش لەوە دەم بکەنەوە و رەنگە بۆر و ئەرخەوانیەکانیان ببێ بە سوور، دەبێ بکرێنەوە و وشک بکرێن. مێخەک وەک بەهاراتت و وەک دەرمان بەکار دێ.
لە مێخەک "ئوژنول" کە ماددەیەکی خۆش بۆنە و دژی عفونەت و چڵککردنە لە ددانسازیدا بەکار دێت.
میخەک بۆ دەرمانی ئەم دەرد و نەخۆشیانە دەبێ:
١ـ بۆ دەرمانی ددان و گوێ ئێشە.
۲ـ بەهێزکەرەوەی مێشک و کەسانێک کە بیرو هۆشی لاوازیان هەیە دەتوانن دەمکراوی مێخەک بخۆنەوە.
٣ـ مێخەک بەرگری لە سەرەتان دەکا و تەنانەت دەرمانیشی دەکا.
٤ـ بۆ ساڕێژ کردنی سەرئێشە باشە.
٥ـ بۆ لابردنی کۆڵنج دەرمانی باشە.
٦ـ مێشک هێدی و ئارام دەکاتەوە.
٧ـ بۆ هەناسە تەنگی زۆر باشە.
٨ـ بەهێزکەرەوەی گەدە یە.
٩ـ گورچیلەکان بەهێز دەکا.
١٠ـ هێزی جنسی زیاد دەکا. (دەبێ ٢ گرەم لە ئاردی مێخەگ لەگەڵ شیر تێکیدرێ و بۆ ماوەی یەک حەتوو هەموو رۆژێک بخرێتەوە)
١١ـ ئەوانەی تووشی مێزەچرکە (دڵۆپ دڵۆپ میز دەکەن) دەبێ چایی مێخەک بخۆنەوە.
١٢ـ ئەشتها زیاد دەکا.
١٣ـ گوڕ و تینی لەش دەباتە سەرێ.
١٤ـ بۆ چاو دەرمانە و لە نێوبەری ئەو خاڵانەیە کە لەسەر سپیی چاو دەردەکەون، دەبێ لە رۆژدا چەند دڵۆپ ئاوی مێخەکی تێکرێ.
١٥ـ بۆ باشتر گەڕانی خوێن لە دەمارەکاندا و بۆ دڵیش دەرمانە.
١٦ـ بەرگری لە سکچوون دەکا.
١٧ـ دەرمانی پشت ئێشەیە. دەبێ چایی مێخەک بخورێتەوە، یان دوو دڵۆپ لە ئاوی مێخەک لەگەڵ ئاوی گەرم یان چاییدا بخورێتەوە.
بۆ با که‌رمێ ئاشتیمان جه‌ نــــــــۆ
تۆ داری مێخه‌ک من جه‌ سایه‌ی تۆ
"فۆلکلۆر"
ــــــــــ
بەڕێز شاهسوار هەرشامی لە فەیسبووکدا بەم جۆرە باسی مێخەک دەکا:
وشەی کوردی بۆ قەرنەفل، وەک ھاوکارانی دیشم ئاماژەیان پێ کردووە، بریتیە لە مێخەک. مێخەک بریتیە لە دەوەنێکی بڵند ھەڵچوو، کە گەڵاکانی باریک و درێژکۆڵەن. ھەر ئەم شێوەیەشیەتی کە وای کردووە، لە کوردی پێی بگوترێت مێخەک، چونکە شێوە درێژکۆڵه‌کەی، لە مێخ، یان بزمار دەکات. گوڵە مێخەک بە گشتی ڕەنگیان سور، سپی و وەنەوشەیین. بە فارسی هه‌ر ده‌گوترێت میخەک. لە زمانی ئەرمەنیش mekhak، مێخاک دەگوترێت، که‌ دیاره‌ له‌ زمانی کوردی، یان زمانێکی دی پێش کوردی وه‌ریانگرتووه‌..
قەرنەفل: ھەروەھا قەنەفڵ. بریتیە لە ناوێکی دی باوی گوڵە مێخەک. وشەکە بە شێوەی (قرنفل، قەرنەفل) لە عەرەبی وەرگیراوە. ئەوانیش ناوەکەیان لە زبانی گرێکی وەرگرتووە.
دبینین ناوەکەی لە گرێکیدا،‌ بریتیە لە garifalo ، گاریفالۆ. ھەمان ناو لە لاتینی، بۆتە caryophyllis، کەریۆفیکیس. بە فەرەنسی clous de girofil، کلوو دو ژیغۆفل. بە بولگاری karamfilـ کا‌را‌مفیل. لە سێربی karanfilich ، کارانفیلیچ. لە ئەلبانی karafil، کارافیل. لە تورکیشدا karanfil، کارانفیل. بەمجۆرە، عارەبیش، لە ڕێگای یەکێک لەو زمانانەدا، لە ھەمان وشەی گرێکی وەری گرتووە.

© Kurdflora 2000 - 2017 in cooperation with Auriolus, contact
-