BackMusk thistle
قنگر

Latin: - Gundelia tournefortii - Carduus nutans
English: - Musk thistle
قنگر 

که‌نگر، قنگه‌ر، قنگر، ڕووه‌کێکی دڕکاوییه‌ له‌ تیره‌ی "تێکه‌ڵاوه‌کان" Composées. که‌ گه‌ڵاکانی شڕه‌ و لاسکه‌که‌ی ده‌خورێ و به‌ ته‌رچکی چێشت و خۆرشتی جۆراوجۆری لێ دروست ده‌که‌ن، به‌ڵام که‌ له‌ ڕۆندا سوور کرایه‌وه‌ پێی ده‌ڵێن "بۆرقانی" یان "بۆرکانی" (قنگرماسی). به‌ڵام که‌ پیر بوو ئاژه‌ڵ نایخوا، ته‌نیا گوێدرێژ حه‌زی لێیه‌. ئه‌وکاته‌ش پێی ئێژن "قنگڵاشک"، که‌ بوو به‌ قنگڵاشکیش تۆوێک ده‌کات که‌ وه‌ک تۆوی کوله‌که‌ و شوو ده‌یبرژێنن و دیخۆن که‌ پێی ده‌ڵێن "داندانۆکه‌". به‌ ته‌رچکیش جووز (کرووزه‌)یه‌ و پێش پیر بوونیش ده‌یدوورن بۆ زستانی ئاژه‌ڵ. که‌ پیر بوو ده‌بێته‌ قنگڵاشک و به‌ که‌ڵکی هیچ نایه‌ و با له‌گه‌ڵ خۆی به‌ملاو به‌لادا دیبا، تانیا بۆ "هه‌ڵاشی" بان ده‌کار دێ. دڕکی قانگڵاشک جار جار شیره‌یه‌کی ڕه‌شی تووند ده‌رده‌کا، که‌ بۆ ده‌رمان ده‌کاری دێنن و پێی ده‌ڵێن (شیره‌ی قانگه‌ڵاشک) له‌ کورده‌واریدا ده‌ڵێن: له‌ قنگڵاشکیان پرسی له‌ کوێوه‌ هاتووه‌ی؟ وتی: له‌ ڕه‌شه‌با بپرسن. به‌ڕێز محه‌ممه‌د عه‌لی سوڵتانی له‌ مێژووی کرماشاندا ده‌ڵێ: قنڵاشک Cardoon ڕووه‌کێکه‌ باڵای زیاتر له‌ ١ میتره‌ و غونچه‌که‌ی پانه‌ و وه‌ک به‌نه‌وشه‌یه‌ و له‌ نێوییدا شتێکی وه‌ک په‌موو هه‌یه‌. ئه‌م گیایه‌ له‌ به‌هاردا ده‌ڕوێ. دوای ماوه‌یه‌ک که‌ پیر بوو، دڕکه‌که‌ی له‌ گه‌ڵاکانیدا په‌یدا ده‌بن. له‌ کورده‌واریدا گه‌ڵاکه‌ی وشک ده‌که‌ن و دیکوتن و بۆ سارێژ کردنی برینی کۆن و په‌رتۆکه‌ به‌ستوو و برینی خه‌ته‌نه‌ که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. دیاره‌ ئه‌م دڕکه‌ی که‌ به‌ڕێز محه‌ممه‌د عه‌لی باسی ده‌کا هیچ پێوه‌ندی به‌ قنگر و قانگڵاشکی قنگره‌وه‌ نییه‌، خۆی بۆ خۆی ڕووه‌کێکیتر، ڕه‌نگه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی قنگر بێ، به‌ڵام قنگر نییه‌.
قنگر لەبەر ئەوەی فسفۆری تێدایە بۆ بەهێز کردنی بیروهۆش باشە، هەروەها بەهێزکەرەوەی گەدە و ریخۆڵەکانە. لەبەر ئەوە ڤیتامین K تێدایە بۆ خوێنڕێژی نێو و دەرەوەی لەش باشە و بەرگری لێ دەکا. لە کۆمەڵی کوردەوارییدا لە رابردوودا برینی وەک جێی خنجەر و گولەیان بە قنگڵاشکی قنگر و پیواز وەک بۆسۆ تیمار دەکرد و زوو خوێنەکەیان رادەگرت. بێجگە لەمانەش لەبەر ئەوەی کلسیۆمی تێدایە بۆ ئێسکەکانی لەش زۆر باش و بەکەڵکە.
قنگر دەرمانی یەرەقان، نەخوەشیەکانی جگەر و کەم خوێنییە. هەروەها بۆ ژنانی سکپڕ و دووگیان زۆر باشە و کیسەی سەفرا دەکاتەوە، هەربۆیە بۆ ئەوانەش کە بەردی کیسەی سەفرایان هەیە دەرمانی زۆر باشە.
لە کوردەواریدا چەندین خواردنی زۆر خۆش بەم گیایە دروست دەکەن کە یەکێکیان خوەرەشتی قنگرە.

قنگر یان کەنگر جۆری زۆرە کە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش کراون:

A) جۆری Cirsium : که ۳۳ جۆری هەیە.

B) جۆری Cynara : کە دوو جۆرن و ئەوانیش ئەمانەن:

۱) Cynara cardunculus. L

۲) Cynara scolymus. Lیان ئارتیشو (کەنگری فەرەنگی)

C) جۆری Gundelia tournefortii : Gundelia

D) جۆری Silybum Mariauum : Silybum یان مارتیغال
به‌ فه‌رانسه‌یی پێی ده‌ڵێن Gundélie پێده‌ڵێن‌.
سه‌یری که‌نگر بکه.

© Kurdflora 2000 - 2017 in cooperation with Auriolus, contact
-