BackGreat Burdock
دڕکە بەرزە

Latin: - Arctium Lappa L
English: - Great Burdock
دڕکە بەرزە 

گیای دڕکە بەرزە یان بناوتۆم بە فارسی "بابا آدم" و "فیل گوش"یشی پێ دەڵێن. گیایەکە دوو ساڵە و سەر بە تیرەی "گوڵ میناکان". بالای دەگاتە ١ میتری و نیو. بە شێوەی خۆڕسک لە لێواری چۆمەکاندا لەو شێنانەی ئاو و هەوای سازگارە دەڕوێ. لاسکەکانی دەڵێ پێستی مارە و لە کۆڵک داپۆشراوە و تۆزێک زروە. گەڵاکانی زۆر زل و گەورەن لەوە دەچێ ناوی "گێ فیل"ی لەمەوە وەرگرتبێ. رەنگی گەڵاکانی لەو شوێنەی بە لاسکەکەوە نووساون سەوزێکی کەم رەنگن و هەرچێ زیاتر بۆ لای نووکی گەڵاگە بچێ رەنگەکەی تاریکتر دەبێتەوە. ریشوویەکی وەک گێزەری هەیە کە بە قەد قامکێک قەڵەون. توکڵی دڕکە بەرزە قاوەیی و مێشکەکەی رەنگی سپی یە و تامیشی کەمێک شیرینە. بەرەکەی وەک قندقە و هەر یەکەی ٣ تا ٤ دەنگی رەنگ زەردی خەنەییان تێدایە، لە کۆتایی بەرەکانیدا موویەکی زۆری رەنگ زەرد هەن کە ئەگەر مەڕ و ماڵات بە لایاندا تێپەڕێ پێیانەوە دەنووسێ و لێکردنەوەیان زۆر زەحمەتە. بە جلوبەرگی مرۆڤیشەوە دەنووسێ.
بە هۆی ئەوەی کە بە ئاژەڵ و مرۆڤدا دەنووسێ تۆمەکانی خۆی لە شوێنەکانیتردا بڵاو دەکاتەوە. لە کوردەواری خۆماندا بە شێوەی کێویلکە و خۆڕسک دەڕوێ بەڵام لە هێندیک شوێنیتر پەروەردە دەکرێ بۆ ئەوەی ریشووەکەی بۆ دەرمان بەکار بێنن. ریشووەکەشی دوای ئەوەی لە بنە ئەرز دەرهێندران بە باشی دەشۆردرێنەوە و بە پارچەی چووکی ٣ سانیتمیتری لەت دەکرێن و لە بەر هەتاوێکی گەرمەوە یان لە کورەی تایبەتیدا وشک دەکرێنەوە.
ریشووی دڕکە بەرزە ئینلوین، کەربونات و ئینترات پتاسیۆم و گلوگوزیدێکی بە ناوی لاپین یان لاپوزیدی تێدایە.
دڕکە بەرزە بۆ دەرمان دەشێ.
١ـ خاوێن کردنەوەی خوێن و درکردنی ژار لە لەشی مرۆڤ.
٢ـ جۆشی دەموچاو لادەبا.
٣ـ میزهێنەر و ئارەقەهێنەرە.
٤ـ سیستمی لەش میزان دەکا.
٥ـ نەخۆشی پێستی وەک ئیگزما، سیچکەسڵاو و زەخمیتر ساڕێژ دەکا.
٦ـ ئاوسان و هەڵمسان دادەمرکێنێتەوە.
٧ـ لەش بەهێز دەکا.
٨ـ گەڵای کوڵاوی دڕکە بەرزە بۆ چارەسەری سەرەگیژە و دەرمانی رۆماتیسم بەکار دێ.
٩ـ بۆ میزان کردنی شەکری خوێن و چارەسەر کردنی نەخۆشی شەکرە لە کوڵێندراوی گەڵاوی دڕکە بەرزە بە رادەی٣ فنجان لە رۆژدا کەڵک وەردەگرن.
١٠ـ بۆ دەرمانی سوریژە، گەڵاکەی دەکوڵێنن و لەگەڵ تۆێزک شەکرد دەیدەن بە نەخۆشەکە.
١١ـ تۆمەکانی دڕکە بەرزە بە کوڵاوی دژی ژەهرە.
١٢ـ تۆمەکەی کرمی گەدە و ریخۆڵە لادەبا.
١٣ـ هەڵمسانی گورچیلە لادەبا.
سەیری بناوە تۆم و بناوتۆم بکە.

© Kurdflora 2000 - 2017 in cooperation with Auriolus, contact
-