BackOkra, Gumbo
بامیه‌

Latin: - Hidiscus esculentus
English: - Okra, Gumbo
بامیه‌ 

بامێ، گیایه‌که‌ له‌ تیره‌ی "په‌نیرۆکه‌کان" Malvacées و له‌ خزمه‌کانی په‌موو. گەڵاکانی هه‌ر وه‌ک گه‌ڵای په‌موو پان و په‌نجه‌یی و نووک تیژن. بامیه‌ ڕووه‌کێکی چه‌ند ساڵه‌یه‌، به‌ڵام له‌و شوێنانه‌ی که‌ هه‌وا سارده‌ وه‌ک گیایه‌کی یه‌ک ساڵی لێهاتووه‌، به‌رزیی ئه‌گاته‌ ١ میتر. گوڵه‌کانی تاک تاک و زه‌رد یان چه‌رموون و به‌شی ناوه‌ندی ئه‌م گوڵه‌ ئاماڵ سووره‌ و به‌ره‌که‌ی سه‌وز و درێژ که‌ هه‌مان بامیه‌ یه‌ و تۆوی زۆر تێدایه‌ که‌ بۆنیان نییه‌. بامیه‌ پێش ئه‌وه‌ی پێبگا له‌ ته‌رزه‌که‌ی ده‌که‌نه‌وه‌ و بۆ ده‌رمان به‌کاری دێنن، به‌ کوڵاوی و زۆر شێوه‌ی دیکه‌ چێشتدا به‌کار دێ. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئاسن و کالسیۆم و ڤیتامینه‌کانی A و Cی تێدایه‌ خۆراکێکی چاکه‌، به‌ڵام ورگی هه‌ر که‌سێک ده‌ره‌قه‌تی هه‌زم کردنی بامیه‌ نایه‌، بۆیه‌ زۆر جار ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ کاتێک بامیه‌ ده‌خۆن دڵیان تێکه‌ڵ ئه‌بێ و ده‌ڕشێنه‌وه‌. بامیه‌ وشک ئه‌کرێ و یان له‌ قوتووی ئاو و خوێدا ڕایده‌گرن بۆ زستان. له‌ زۆر وڵاتی ئاسیا و ئافریقادا به‌ هۆی چاندنی تۆوه‌که‌یه‌وه‌ ئه‌یڕوێنن. شه‌و و ڕۆژێک پێش چاندن تۆوه‌کانی له‌ ئاودا ده‌خوسێنن بۆ ئه‌وه‌ی زوو سه‌وز بن. مه‌ودای نێوان هێڵی تۆوه‌کان ده‌بێ نزیکه‌ی ١ میتر بێ، به‌لآم کاتێک سه‌وز بوون ئه‌م مه‌ودایه‌ که‌م ئه‌که‌نه‌وه‌ و ده‌یکه‌نه‌ ٣٠ تاکوو ٤٠ سم، تۆوه‌کانیش له‌ ١ تاکوو ٢ سم له‌ ژێر عه‌رزه‌وه‌ ده‌چێنن که‌ ئه‌میش به‌ گوێره‌ی باش و خراپی خاکه‌که‌یه‌.
به‌ فه‌رانسه‌یی Gombaud ی پێده‌ڵێن.

© Kurdflora 2000 - 2017 in cooperation with Auriolus, contact
-