BackYellow goat's beard, Buckls beard, Vegetable-oyster, Salsify
ئه‌سپنگ

Latin: - Tragopogon pratensis
English: - Yellow goat's beard, Buckls beard, Vegetable-oyster, Salsify
ئه‌سپنگ 

ئه‌سپنگ، ئه‌سپنگه‌ خاتوونه‌، ئه‌سپنگه‌گایه‌، شنگ، شه‌نگ، ئسپینگ، گیایه‌کی خۆڕستی دوو ساڵه‌ی ده‌رو ده‌شته‌ و گه‌ڵاکانی درێژ و له‌ گه‌ڵای گه‌نم ده‌چن و له‌ شوێنی باشدا تاکو ٧٠ سم به‌رز ئه‌بى و له‌ تیره‌ی “تێکه‌ڵاوه‌کان” (Composées)ه‌، له‌ به‌هاراندا که‌ ده‌ڕوى ده‌بێته‌ یه‌کێک له‌ سه‌وزه‌ خواردنیه‌کانی خه‌ڵک، گیایه‌کی شیرداره‌ و دوای تاوێک مانه‌وه‌ شیره‌ چه‌رمووه‌که‌ی ڕه‌ش هه‌ڵده‌گه‌ڕى. به‌ کاڵیش هه‌ر تامی خۆی ده‌دا به‌ڵام زۆر که‌س به‌ خوىوه‌ ده‌یخۆن و هێندێکیش له‌ گه‌ڵ سرکه‌، شنگ ده‌رمانی ڕاگرتنی خوێن (ڕۆیشتنی خوێن له‌ برین) و زگچوونه‌، بۆ ده‌رمانی زگچوون ڕیشووه‌که‌ی له‌ گه‌ڵاکه‌ی باشتره‌، هه‌وه‌ها ڕیشوه‌که‌ی ده‌رمانی چڵک کردنی گوێ یه‌. ئه‌مه‌ش جۆرێکی دیکه‌ی T. orientalis. ئه‌م گیایه‌ چه‌ندین جۆری هه‌یه‌ که‌ هێندێکیان ئه‌مانه‌ن: ١ـ ئه‌سپینگه‌ بنه‌، ئه‌سپنگه‌به‌نی، ئه‌مه‌یان گه‌ڵاکانی باریکه‌ و له‌ جۆره‌کانی دیکه‌ ناسکتر و خۆش خۆراکتره‌. ٢ــ ئه‌سپینگه‌ ماینه‌، یان ماینانه‌، ئه‌م جۆره‌یان گه‌ڵاکانی پانتر و له‌وانیتر به‌رزتر ده‌بێ و زۆر خۆش نیه‌. ٣ـ ئه‌سپینگه‌ خاتوونه‌. ٤ــ ئه‌سپینگه‌ گایه‌. ٥ــ ئه‌سپینگه‌ بزنه‌. ٦ــ ئه‌سپینگه‌ دىمانه‌، ئه‌گه‌ر پیر بوو ده‌بێ به‌ چه‌قچه‌قه‌ (جاجکه‌ تاڵه‌)، شنگ بۆ ده‌رمانی زه‌خم و کار نه‌کردنی زگ ده‌شێ.
به‌ فه‌رانسه‌یی Salsifis و Salsufis des pre's و Barbe de chevre و B, de bouc و Ratabou ی پێدەڵێن.
ئەسپنگ وەک دەرمان دژی خوێنڕێژی گەدە بەکار دێ. ئەگەر دەرمانداو (مەسمووم) کران دەتوانن ریشووی ئەم گیایە بکوڵێنی و بەکاری بێنی. هەروەها درمانی باشە بۆ رۆماتیزم. گوڵی ئەم گیایە لەسەر شوێنی سووتاوی لەشی مرۆڤ بۆ ئەوەی بزانن سووتاویەکەی ئیلتیهامی کردووە.
ئەپنگ بەرگری دەکا لە سکچوون و خوێنڕژی، خواردن و خوساندنی گەڵاکانی لە نێو شەراب دا برگرێ دەکا لە خوێڕێژی منداڵدان. هەروەها گەڵای وەشکراو و هاڕدراوی ئەم گیایە دەپشێنن بەسەر برینی چڵکن و بۆ کردوودا و زۆری باشە.
ئەگەر ئەم گیایەتان کوڵاند دوایە ئاوەکەی نەڕژێنن و بیخۆنەوە لەبەر ئەوە ئاوەکە تێکەڵ بووە لەو مەوادە دەرمانیانەی کە تێیدایە. دەرمانی باشە دژی سووتانی لەش بە ئاگر. شیلەی ئەم گیایە بۆ دەرمانی کەچەڵی و زامی سەر پێست. کوڵێندراوی ریشووی کاڵی شنگ، بالووکە لە نێو دەبا.
کاتێک ئەم گیایە دەبڕدرێ یان بریندار دەکرێ، شیرێکی لێ دەردێ کە لە وڵاتی خۆماندا خەڵکی وەک بنێشت و جاچکە دەجوون، ئەم شیرە لە بەرامبەر هەواوە رەنگی دەگۆڕدرێ و دەبێ بە قاوەیی، ئەگەر تۆزێکیش گەرمای پێ بدرێ دەواندرێ پلاستیکی لێ دروست بکرێ. هەروەها بۆ دامکرانی کۆکە و قوفەی سینگ وەک دەرمان بەکار دێ.
سەیری شنگ بکە.

© Kurdflora 2000 - 2017 in cooperation with Auriolus, contact
-